Skip to main content

لوڕستانییەک: ئێمە چل ساڵە لەژێر خەساری لافاوێکی گەورەداین

لوڕستانییەک: ئێمە چل ساڵە لەژێر خەساری لافاوێکی گەورەداین
AvaToday caption
posted onMay 13, 2019
nocomment

 

پاش تێپەڕبوونی ۲ مانگ لە کارەساتی لافاو کە ۲٤ پارێزگای ئێرانی گرتەوە و بەتایبەت پارێزگاکانی گوڵستان و لوڕستان و خووزستان خەساری زۆریان لێکەوت، بەڵام دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە و خەڵک ژیانێکی دژوار تێپەڕدەکەن.

 

بەوتەی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دومروودی سەر بە شاری پۆل دۆختەر کە لەنێو خێوەتدا دەژین: ئێمە لەمێژە خەڵکێکی هەژارین و لەباری ئابوورییەوە لە ژێرەوەى هێڵی هەژارین و تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئاوڕێکی لێمان نەداوەتەوە. لافاوەکەش تەنیا بەرهەمی ژیانی ئێمە کە کشتوکاڵ بوو، وێران کرد. ئەم شارۆمەندە بە بزەیێکی تاڵەوە لە درێژەی قسەکەیدا گوتی: ئێمە چل ساڵە لەژێر خەساری لافاوێکی گەورەین، ئەم لافاوە تەنیا هەژاری ئێمەی بۆ خەڵکی ئێران خستەپێش چاو دەنا لەمێژە لافاولێدراوین.

دیمەنی هەژاری و وێرانبوونی زۆرێک لە ماڵ و خانووەکانی خەڵک و تێکچوونی کشتوکاڵ و بەرهەمی باخاتیان، ڕووخانی ژێرخانە ئابوورییەکان و ڕێگاوبانەکان کە پاش دوو مانگ هێشتا خەڵک بۆ هاتووچۆیان کێشەیان هەیە و هێشتا نۆژەن نەکراوەتەوە، هەمووی حاشا لە پڕۆپاگەندەکانی حکومەت دەکا کە دەیانهەوێ وا پیشان بدەن بەردەوامن لە هاوکاری خەڵک. بەوتەی یەکێک لەئەندامانی کەمپەینی زاگرۆس لەناوچەی لوڕستان "سەرەڕای پڕۆپاگەندای حکومەت، کارێکی ئەوتۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ ئەو ناوچانە نەکراوە و ئێستاش خەڵکی و لایەنی مەردمی، هێشتا لەناردنی یارمەتی و کەلوپەل بەردەوامن و وازیان لە پاڵپشتی نەهێناوە".

لۆرستان ١

ئەم چالاکی مەدەنییە لەدرێژەی قسەکەیدا بە ئاڤاتوودەیی گوت: جیا لە قەیرانی لافاو، زۆر قەیرانی تریش بەتایبەت لە لوڕستان و خووزستان بوونیان هەیە کە پەیوەندی بە لافاوەکە نەبووە و دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. یەک لەو کێشانە بە پەراوێزخراوی خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەموو بوارێکەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەیە کە ساڵەهایە ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوەو ئێستاش بەهۆی لافاوەکە کێشەکە چەند ئەوەندە بووەتەوە.

ئەم چالاکی مەدەنییە ئاماژە بە بەشی کەلتووری ئەم ناوچانە کە ساڵەهایە کارێکی ژێرخانی لەم بوارەدا نەکراوە، گوتی: نزمبوونی ئاستی زانیاری خەڵک و دواکەوتوویی کەلتووری و لێکەوتەکانی، کێشەی زۆری پێک هێناوە. بۆ وێنە هێشتا نەریتی عەشیرەتی و دواکەوتووانە لە زۆربەی شوێنەکانی لوڕستان و خووزستان زاڵە و بەشێکی زۆر لە هاوسەرگیرییەکان لە نێو عەشیرە و خزمە نزیکەکان ڕوو دەدات و ئەمەش بووەتە هۆی لەدایکبوونی ڕێژەیێکی زۆری منداڵی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت. کە ئێستا لەم دۆخەشدا پێویستی زۆرتریان بە یارمەتی و هاوکاری هەیە.

هەژاری و تۆڕەیی خەڵکی ئەم ناوچانە لە ئاست کۆماری ئیسلامی خەریکی پەرەسەندنە بە شێوەیێک کە بە وتەی شورای یەکێک لە گوندە لافاولێدراوەکانی لوڕستان "خاڵێکی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە ئەگەرچی بۆ یارمەتییە خەڵکییەکان زۆر قەرەباڵغی دروست دەبێت و خەڵک پێشوازی لێدەکەن، بەڵام ئەگەر جاروبار یارمەتیێک لەلایەن مانگی سووری کۆماری ئیسلامی یان سوپای پاسدارانەوە بێت کە زۆرتر بەمەبەستی پڕۆپاگەندایە، لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێناکرێت و بەوتەی خەڵکی گوندەکە دەیانهەوێ تۆڕەیی خۆیان لەم دەسەڵاتە کە هۆکاری نەهامەتییەکانیانە، بەم شێوە پیشان بدەن.

لۆرستان ٢

کێشەیێکی گەورە کە لەم ناوچانە بە زۆری بینراوە و ناڕەزایەتی زۆری لە نێو خەڵک خستووتەوە، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانە. بەو شێوەیە کە دەسەڵات تاقمێکی کردوەتە نانەلەمی خۆی و بە پێدانی بڕەپارەیێک بەو کەسانە ، خەڵکی دیکە کونترۆڵ دەکا و دەیانچەوسێنێتەوە. بەوتەی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناوچەی لوڕستان: تایفەگەری بوەتە هۆی ئەوەی کە ئەگەر کەسێک لە دامودەزگای حوکمی کارێک وەربگرێت و ئەرکێکی پێ بسپێردرێت بەتەنیا لەبیری خۆی و خزمەکانی خۆی بێت و کارێک بۆ خەڵکی دیکە نەکات . ئەمەش پاڵپشتی دەسەڵاتی بە دوایە و لەو تاقمە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک کەڵک وەردەگرێت.

بەگشتی ئەوەی کە لە ناوچە لافاولێدراوەکان دەبینرێت قووڵبوونی کارەساتەکەیە کە ڕۆژدوای ڕۆژ، ئاستی خەسارەکان زۆرتر ڕوو دەکەوێت. لە وەرزی هاوین کە وەرزی کشتوکاڵە ڕێژەی بێکاربووان بەهۆی تێکچوونی مەزراو باخات پەرەدەسێنێت و ئەگەر هەوڵێکی بۆ نەدرێت، ناڕەزایەتییەکان بەرەو قوناغێکیتر دەڕوا کە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لەم ناوچانە بۆ تێکدانی پێوەندییەکانی خەڵک ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان بەرەو بوارێکی مەترسیدار ببات.