Skip to main content

هێزە ئەمنییەکان ناهێڵن پیرانشارییەکان هاوکارى لێقەوماوانى پەسوێ بکەن

هێزە ئەمنییەکانى ڕێژیم ڕێگە نادەن پیرانشارییەکان هاوکارى لێقەوماوانى پەسوێ بکەن!
هێزە ئەمنییەکانى ڕێژیم ڕێگە نادەن پیرانشارییەکان هاوکارى لێقەوماوانى پەسوێ بکەن!
هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە پیرانشار ڕێگە نادەن هاووڵاتیانى شارەکە یارمەتى ماددى بۆ خەڵکى سێڵاولێدراوى شارەدێى پەسوێ کۆ بکەنەوە.
posted onMay 30, 2018
nocomment

 

شەوى ٤ى جۆزەردان بە هۆى بارانبارین و دروستبوونى سێڵاو، شارەدیێ پەسوێى سەر بە شارى پیرانشارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تووشى کارەسات بوو و سەرەڕاى وێرانبوون و تێکچوونى ۱۰٤ خانووى شارەدێیەکە (زیاتر لە ٥٠ خانوو بە تەواوەتی ڕووخان و زیان بە زیاتر لە ٥٠ خانووبەرە کەوت)، کۆرپەیەکى چەند ڕۆژەش گیانى لەدەست دا، هەر بۆیە 'بنکەی ئەدەبی ڕووناک' و 'شاخەوانانی پیرانشار' و 'کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار' و 'کافە کتێبی ئەندێشە' لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە کە "وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆرپە چاوگەشەکەی جگەرگۆشەمان، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پیرانشار، ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو جۆرە هاوکاریەک ڕادەگەیێنین".

 

 

دواتر ئەو ڕێکخراو و ناوەندە مەدەنیانە لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان هەتا ڕۆژی چوارشەممە ۹ی جۆزەردان و وەک ئەرکێکى نیشتمانى و ئینسانى هەڵمەتێکی هاوبەشی چالاکانی مەدەنی پیرانشاریان بۆ کۆکردنەوەی "یارمەتی نەغدی" بۆ بەرکەوتووانی سێڵاوی پەسوێ ڕاگەیاند کە شەوانە لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەی هەتا ۱ی شەو بەردەوام یارمەتییەکانیان بە ژمارە حیسابی "پست بانک" بە نێوی "صندوق همیاری سیل زدگان پسوه" و ژمارە کارت وەردەگرت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە کۆکردنەوەى هاوکارییەکان و بە گوشار و پاڵەپەستۆى ناوەندە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ناوچەکە، ئەم کارە ئینسانی و یارمەتیدەرانەیە بەرى پێ گیرا.

کۆبوونەوەى خەڵکى بۆ هاوکارى لێقەوماوانى پەسوێ

 

ئەم کەمپەیتە کە لە سێڕیانی سەعدی (داڵاهۆ) و بە ناوى "هەڵمەتى هاوبەشى چالاکانى مەدەنى پیرانشار بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى نەغدى بۆ زیانلێکەوتووانى سێڵاوى پەسوێ" ڕێکخرابوو، تەنیا دوو ڕۆژ ڕێگەى پێ درا و پاش ئەوەى لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى شارەکەوە ڕێگەى پێ گیرا، دەست کرا بە بانگهێشتى بەڕێوەبەرانى کەمپەینەکە و لە ڕۆژى سێ شەممەوە تا ئێستا کە کەمپەین و چالاکییەکان ڕاگیراون، نزیکەى ٥کەس لە چالاکڤانە مەدەنییەکان بانگهێشتی ئیتلاعات و ناوەندە نیزامییەکانى دیکە کراون بە مەبەستى لێپرسینەوە لەو هەڵمەتە نیشتمانى و ئینسانییە.

 

هۆکارى ڕێگرتن لەو کەمپەینە ئینسانییەى چالاکوانانى پیرانشار و دەوروبەرى لە هەڵمەتى هاوبەشى چالاکانى مەدەنى پیرانشار بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى نەغدى بۆ زیانلێکەوتووانى سێڵاوى پەسوێ بۆ "نەبوونى مۆڵەتی فەرمی" گەڕێنراوەتەوە، کەچى بە قسەى سەرچاوەیەکى ئاڤاتودەى لە نێو پیرانشارەوە "بەڕێوەبەرانى کەمپەینەکە چوونەتە قایمقامیەتى (شەهردارى) پیرانشار بۆ ئەوەى مۆڵەتیان بدەنێ، کەچى  پاش پێدانى بەڵێنى، کەچى قایمقامیەت پەشیمان دەبێتەوە لە بەڵێنەکەیان و مۆڵەتەکەیان نادەنێ، کەچى ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر دانانى کەمپەینەکە "چونکە بە کەمپەینێکى ئینسانى و بێ مەترسییان هەژمار کردووە و هاوکارییەکى شارەوانیش بووە بۆ ئەوەى هاوکارى خەڵکە لێقەوماوەکە بکەن".

 

کۆبوونەوەى خەڵکى بۆ هاوکارى لێقەوماوانى پەسوێ

 

پاش ڕێگەگرتنەکەی هێزە ئەمنییەکان، ناوەند و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە "وێڕای سوپاسی بێپایانمان لە هەموو کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژەکان کە بە یارمەتییەکانیان لەو بارودۆخە ناهەموارە ئابورییەدا، وێڕای پێشاندانی هەستی مرۆڤ دۆستی و نیشتمانپەروەری، متمانەی دووبارەیان بە ئێمە بەخشی، کۆتایی هەڵمەتەکەمان ڕادەگەیێنین" و داواشیان کردووە کە "لە ڕێگەی ئەو ژمارە حیسابانەی کە (هیات امنا)ـی زیانلێکەوتووان ڕایانگەیاندووە درێژە بدەن بە پێشکەشکردنی یارمەتییەکان".

 

شایەنى باسە بە واتەى یەکێک لە چالاکوانانى مەدەنى شارەکە، لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا کە دەستیان بۆ هەر کارو چالاکێک بردبێت، بانگ کراون بۆ شوێنە ئەمنییەکان و "هەڕەشە و گوشاری زۆرمان لەسەر بووە بەڵام بەو حاڵەشەوە پاشەکشەمان نەکردوە و بەردەوام بوینە لە پەرەپێدانی چالاکییەکانمان".