پێنج ئەندامی خێزانێکی خەڵکی مەهاباد لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکەیان لەگەڵ بارهەڵگرێک لەسەر ڕێگەی سەردەشت-میراوە گیانیان لەدەستدا؛ یەکێک لە قوربانییەکان بووکێکی تەمەن 22 ساڵە کە دووگیان بووە.
ڕووداوەکە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری "پراید" و بارهەڵگرێکدا ڕوویداوە. بەپێی زانیارییەکان، لەو ساتەدا دوو سەرنشین دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بە برینداری بۆ ناوەندە تەندروستییەکانی ورمێ گواستراونەتەوە.
قوربانییەکانی ئەو خێزانە پێکهاتوون لە: باوک، دایک، دایەگەورە، منداڵێک و بووکەکەیان بەناوی (نیگا) کە تەمەنی 22 ساڵ بووە و دووگیان بووە. دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، دایکی خێزانەکە و پاشان ڕۆژی چوارشەممە باوک و دایەگەورەی خێزانەکەش گیانیان لەدەستدا، بەوەش ژمارەی کۆچکردووان گەیشتە پێنج کەس.
بریندارێکی دیکەی ئەو ڕووداوە، لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە لە نەخۆشخانەی ورمێ. پۆلیسی هاتووچۆ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر هۆکاری پێکدادانەکە دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە ڕابگەیێنێت.