Skip to main content

چاودێریی مافی مرۆڤ داوای ڕێگری لە گوتارەکەی عەباس عەراقچی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

چاودێریی مافی مرۆڤ داوای ڕێگری لە گوتارەکەی عەباس عەراقچی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
posted onFebruary 12, 2026
nocomment

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (HRW) داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات ڕێگری لە گوتارە پێشبینیکراوەکەی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگرێت لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ و ڕایگەیاند، ناوبراو "دەستی لە خوێنی هەزاران کەسی بێتاواندا هەیە."

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی ڕێکخراوەکە، بڕیارە ڕۆژی 23ی شوبات عەباس عەراقچی لە خولی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتارێک پێشکەش بکات. ئەم ئەگەرە کاردانەوەی تووندی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی لێکەوتووەتەوە و بە نووسراوێک داوایان لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ڕێگری لە ئامادەبوونی ناوبراو بکات.

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، دەڵێت: "عەراقچی خوێنی دەیان هەزار کەسی مەدەنیی بێتاوانی لەسەر دەستە." ڕێکخراوەکە بە تووندی ڕەخنە لە ڕەخساندنی سەکۆیەک بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەگرێت لە دامەزراوەیەکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ بێبەشکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لەو کۆبوونەوەیە و ئاماژە بەوە دراوە: "پێویستە دەستبەجێ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بکوژە بێبەش بکات."

ئەم گوشارانەی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، کە چالاکڤانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام ڕەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرن بەوەی ڕێگە بەو وڵاتانە دەدات گوتار پێشکەش بکەن کە تۆمەتبارن بە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ. تائێستا نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکەی ئەو ڕێکخراوەی نەداتەوە.