Skip to main content

بڕیارە کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی لە ئیستانبووڵ کۆدەبنەوە تاوەکو گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمیی بکەن.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی لە ئیستانبووڵ کۆدەبنەوە تاوەکو گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمیی بکەن.
posted onFebruary 3, 2026
nocomment

لە کاتێکدا ئەمریکا چواردەوری ئێرانی بە کەشتیگەلە جەنگییەکانی تەنیوە، ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی "دیپلۆماسییەتی فشار"ـەوە ڕێککەوتنێکی خێرا بەسەر تاراندا بسەپێنێت. سەرکەوتنی ئەم نێوەندگیرییەی تورکیا، میسر و قەتەر، ناوچەکە لە کارەساتێکی سەربازیی گەورە ڕزگار دەکات.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێران بۆ دیپلۆماسییەت ئامادەیە، بەڵام دیپلۆماسییەت لەگەڵ فشار، ترساندن و زەبری هێز ناگونجێت؛ هیوادارین ئەنجامەکان بەمزووانە دەربکەون.

پڕۆسەی ئامادەکاریی بۆ ئەم دیدارە مێژووییە دوای هەوڵێکی چڕی وڵاتانی ناوچەکە دێت و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، فەرمانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دەرکردووە.

پێش گەیشتنی بە ئیستانبووڵ، ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل دەکات تاوەکو لەسەر داوای نەتانیاهۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆببێتەوە و لە وردەکاریی پلانە هێرشبەرییەکانی ئەوان دژی تاران ئاگادار بێت. کێشەی سەرەکیی لەوەدایە کە ترەمپ دەیەوێت ڕێککەوتنەکە نەک تەنها دۆسیەی ئەتۆمیی، بەڵکو مووشەکە بالیستییەکان و گرووپە چەکدارەکانیش بگرێتەوە، بەڵام تاران تەنها دەیەوێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی گفتوگۆ بکات، کە ئەمەش وەک گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەم دانوستانە دەبینرێت.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە دوای شەڕی 12 ڕۆژیی حوزەیرانی 2025 و گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە سووریا، گەیشتووەتە خراپترین ئاستی خۆی. ئیدارەی نوێی ترەمپ ستراتیژییەتی "ڕێککەوتن یان جەنگ"ـی پەیڕەو کردووە و دەیەوێت لەرێگەی بڵاوەپێکردنی هێزە جەنگییەکانی لە کەنداو، تاران ناچار بە سازشی گەورە بکات تاوەکو هاوسەنگییەکی نوێ لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت.