Skip to main content

هێرشی کۆتایی بۆسەر پێگەکانی داعش لە سوریە دەستی پێ کرد

هێرشی کۆتایی بۆسەر پێگەکانی داعش لە سوریە دەستی پێ کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 11, 2019
nocomment

 

مستەفا بالی وتەبێژی هێزەکانی سوریە دیموکراتیک ٢٠ ڕێبەندان ڕایگەیاند هێرشی کۆتایی بۆ سەر پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش دەستی پێ کردووە و چەند ڕۆژی دیکە کۆتایی دێت.

 

مستەفا بالی ئەو هێرشەی وەک نەبەردێکی یەکلاکەرەوە بۆ لەنێوبردنی دوایین پاشماوەکانی داعش ڕاگەیاند و ئامانجی هێرشەکەشی وەرگرتنەوەی گوندەکانی دیرەزوورە کە تا ئێستاش لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش دایە ڕاگەیاند. دێرەزوور لە پەنا چۆمی فورات هەڵکەوتووە و هاوسنووری پارێزگای حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریەیە. هێزەکانی سوریە دیموکرات پێک دێن لە گرووپە سیاسی و نیزامییەکانی کورد و عەرەب و چەند گرووپێک لە کەمینە ئەرمەنی، تورکەمەنی و ئاشورییەکان هاوکاری دەکەن.

هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک کە هێزی سەرەکی پێکهێنەری یەکینەکانی پاراستنی گەلە لە ماڵپەڕەکەی خۆیاندا نووسیویانە ئامانج لە هێرشەکەیان وەدەرنانی بناژۆخوازانی ئیسلامی لەو ناوچەیە. بە گووتەی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش تەنیا ٤ کیلۆمەتر دەبێ و لە پارێزگای دیرەزوور و نیزیک سنوورەکانی عێراق هەڵکەوتووە.

هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک ڕایانگەیاندووە ئەوان پێشڕەوییەکانیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ڕاگرتبوو ئەویش بە هۆی ئەوەی جیهادییەکانی داعش خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیان وەک سپەر بە کار دەهێنا. بە گووتەی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک لە دە ڕۆژی ڕابڕدوو لانیکەم ٢٠ هەزار خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیان بەڕێ کردووە بۆ شوێنی ئەمن.

سەرکۆماری ئەمریکا کە مانگی پێشوو ڕایگەیاند ٢ هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە سوریە پاشەکشێ پێ دەکات ڕۆژی چوارشەممە دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی پابەند دەبێ بە شەڕێ دژی داعش و ڕۆژی پێنج شەممە ئاشکرای کرد کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو بە یەکجاری کۆتایی بە دوایین پاشماوەکانی داعش کە پێگەکانیان لە نێزیک سنوورەکانی سوریە و عێراقە دێنێت.