Skip to main content

بەفر ڕێگەی ٢٧٢ گوندی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووە؛ دەروازەی تەمەرچیان داخرا

بەفر ڕێگەی 272 گوندی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووە؛ دەروازەی تەمەرچیان داخرا
posted onDecember 31, 2025
nocomment

بەهۆی بەفربارین و کڕێوەی بەردەوام، ڕێگەی هاتووچۆی ٢٧٢ گوند لە شارەکانی سەقز، بانە و دیواندەرە داخراون و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران - تەمەرچیانیش بەڕووی هاتووچۆدا پەکیکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، لە کۆی ٤٠٠ ڕێگەی گوندی کە بەهۆی بەفرەوە داخرابوون، تاوەکو ئێستا تیمەکانی ڕێگەوبان توانیویانە ڕێگەی ١٢٨ گوند بکەنەوە، بەڵام هێشتا ڕێگەی 272 گوندی دیکە داخراون و هەوڵەکان بۆ کردنەوەیان بەردەوامن.
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە، دەروازەی نێودەوڵەتیی تەمەرچیان (پیرانشار-حاجی ئۆمەران) تا کاتێکی نادیار بەڕووی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ترانزێت و تایبەتدا داخراوە. بەرپرسانی ناوچەکە داوا لە هاونیشتمانیان و شۆفێران دەکەن تا ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، بەرەو ئەو دەروازەیە بەڕێ نەکەون.
داخرانی ڕێگەکان دۆخێکی مرۆیی قورسی لە هەندێک ناوچە دروست کردووە. لە گوندی "سەرکەل"ی سەر بە ناوچەی سەرا، بەرزیی بەفر گەیشتووەتە نزیکەی دوو مەتر و چەندین نەخۆشی شێرپەنجە کە پێویستیان بە چارەسەری کیمیاوی هەیە، لە گوندەکەدا گیریان خواردووە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن.
لە ناو شاری سەقز، دانیشتووانی گەڕەکەکانی (حاجی ئاوا، قۆخ، کانی عاشقان و ساڵح ئاوا) گلەیی لە کەڵەکەبوونی بەفر و شەختە دەکەن. بەهۆی لێژیی شەقامەکانی گەڕەکی حاجی ئاوا و تەنگیی کۆڵانەکانی گەڕەکی قۆخ، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل پەکیکەوتووە و بووەتە هۆی دروستبوونی ترافیکی زۆر.