Skip to main content

پزیشکیان هۆشداری لە قەیرانی وزە دەدات؛ ئەگەری بڕینی کارەبا لە زستاندا هەیە

پزیشکیان هۆشداری لە قەیرانی وزە دەدات؛ ئەگەری بڕینی کارەبا لە زستاندا هەیە
posted onDecember 18, 2025
nocomment

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دۆخی وزەی وڵاتەکەی لە ئاستێکی باشدا نییە و هۆشداری دا کە ئەگەر حکومەتەکەی "ناچار بێت"، لە وەرزی زستاندا پەنا بۆ بڕینی کارەبا دەبەن.
پزیشکیان لە دوو گوتاری جیادا لە تاران و بیرجەند، تیشکی خستە سەر کێشە کەڵەکەبووەکانی کەرتی وزە و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنان بەرامبەر بە بەکارهێنان، ئەگەری پچڕانی کارەبا لە زستاندا لە ئارادایە.
سەرۆککۆماری ئێران لە بیرجەند ئاماژەی بە بڕینی یەک لە دوای یەکی کارەبا و گاز لە مانگەکانی رابردوودا کرد و گوتی: "چارەمان نەبوو و ناچار بووین بیبڕین. ئێستاش زستان لەڕێیە، ئەگەر نەتوانین بە دروستی مامەڵە بکەین، ناچار دەبین لە هەندێک شوێن کارەبا ببڕین."
پزیشکیان کە حکومەتەکەی بە "میراتگری" کێشە کۆنەکان ناودەبات، رۆژێک پێشتر لە تاران رایگەیاندبوو: "حکومەتی چواردەیەم هۆکاری ئەم ناهاوسەنگییانەی ئێستا نییە، بەڵکو بۆی ماوەتەوە." لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی دا حکومەتەکەی لە کورتترین ماوەدا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکات.
بەرپرسانی ئێران بۆ دەربڕینی کەمیی ئاو، گاز و کارەبا دەستەواژەی ناهاوسەنگی بەکاردەهێنن، کە مەبەست لێی تێپەڕاندنی ئاستی بەکارهێنانە لە ئاستی بەرهەمهێنان.
ئابووریناسان پێیان وایە، سزاکانی ئەمریکا و دابەزینی داهاتی نەوت و پترۆکیمیاوی، بووەتە هۆی کورتهێنانی بودجە و کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، کە ئێستا کاریگەرییەکانی لە کەرتی گاز و کارەبادا رەنگی داوەتەوە.