لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، ژمارەیەک ڕێکخراوی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دۆخی نالەباری دارستانەکانی ناوچەکە. ئەم ڕێکخراوانە هۆکاری لەناوچوونی دارستانەکان دەگەڕێننەوە بۆ دەستوەردانی "تاڵانچی و داگیرکەران"، "لاوازی یاسا" و "بێبەرپرسیاریەتی کاربەدەستان"، داوا لە سەرجەم لایەنە حکومی و جەماوەرییەکان دەکەن کە هەوڵێکی جیددی بۆ پاراستنی ئەم سامانە سروشتییە بدەن.
ڕۆژی سێشەممە، نوێنەرانی ٣٣ ڕێکخراوی ژینگەپارێزی لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، ئیلام و کرماشان لە شاری مەریوان کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا، دۆخی هەنووکەیی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوردی تاوتوێ کرا و دواتر ڕاگەیەنراوێکی فەرمییان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیەنراوەدا کە ئەمڕۆ ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە "ماوەی چەندین ساڵە ژینگەی نیشتمان بە گشتی کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری تاڵانچی و داگیرکەران، کە بەشێوەیەکی بەربڵاو و بێپەروا، دارستان و لێڕەوار و سامانی سروشتی و نەتەوەییمان لەناو دەبەن". هەروەها، ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکان، کارەساتێکی گەورەیان بۆ ئەم دارستانانە خوڵقاندووە و مەترسییەکی جددییان خستووەتە سەر ژینگەی ناوچەکە".
لە درێژەی ڕاگەیەنراوی ئەو ٣٣ ڕێکخراوەدا هاتووە، ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی "یاسایەکی لاواز و نەبوونی پلاندانانێکی شارەزایانە و دوور لە پێوەرە زانستییەکان، لەگەڵ هەبوونی بەرژەوەندی تاقمێکی هەلپەرست و بێبەرپرسیاریەتی کاربەدەستان" ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ژینگەیی و کارەساتبارە بووەتەوە.
لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەو ڕێکخراوانە داوا دەکەن کە لایەنی دەسەڵاتدار خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بەرامبەر ئاگرکەوتنەوەکان و بەپەلە هەنگاوی پێویست بنێت. هاوکات، داوا دەکرێت کە یاسا پەیوەندیدارەکان بە ژینگەدا بگۆڕدرێن و بەهێزتر بکرێن. لە داواکارییەکی دیکەشدا، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری کراوە کە لێپرسینەوە لە دامەزراوە و کاربەدەستە کەمتەرخەمەکان بکات و سزای گونجاویان بدات. هەروەها، پێشنیار کراوە کە لایەنی پەروەردە ڕۆڵێکی کارا ببینێت لە ڕاهێنانی منداڵان و نەوەی نوێ لەسەر پاراستنی ژینگە و بایەخدان بە سروشت.