
قایمقامەتی (فرمانداری) داڵەهو لە پارێزگای کرماشان مۆڵەتی بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز لە شارۆچکەی گاوارە نەدا، گەرچی بەڕێوەبەرەکانی لەپێناو بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا هەموو مەرجەکانیان قبوڵ کردبوو.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کەسانەی هەوڵیانداوە رێوڕەسمەکە بەڕێوەببەن نزیکەی دوو هەفتە بەدواداچوونیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی نەبووە.
قایمقامەتی داڵەهو مەرجی بۆیان دانابوو کە نابێت سیمبۆل و نیشانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سیمبۆل و نیشانە کوردی و نەتەوەییەکان و جلوبەرگی خاکی و جامانە لە رێوڕەسمەکەدا کەڵکیان لێوەربگیرێت، بەڵکوو دەبێت ئاڵای کۆماری ئیسلامی بەکاربهێنرێت.
بەگشتی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە ١٥ مەرج دیاریی کرابوو، بەڕێوەبەرانی هەموو مەرجەکانیان قبوڵ کردبوون و واژۆیان کردبوو، بەڵام بەو حاڵەش رێگەیان نەدا بەڕێوەبچێت.
حکومەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەی نەدا ژمارەیەک رێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوەبچێت و هەندێ لە رێوڕەسمەکان بەبێ مۆڵەت بەڕێوەچوون.
نزیکەی مانگێکە رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە بەڕێوەدەچن و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەک رێوڕەسمی دیکەش بەڕێوەدەچن.