Skip to main content

کەسێک بە فێڵ بڕی ٨٠٠ ملیار تمەن پارەی خەڵکی میشخاس لە ئیلامی خوارد

ناوچەی میشخاس
ناوچەی میشخاس لە پارێزگای ئیلام
posted onFebruary 21, 2025
nocomment

خەڵکی میشخاس لە پارێزگای ئیلام کەوتوونەتە داوی کەسێکی هەلپەرست و  لە بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکاندا سەرمایەگوزارییان کردووە، بەڵام نزیکەی 800 ملیار تمەن پارەیان خوراوە.

ڕووداوەکە بەم شێوەیە بووە؛ کەسێک بە بەڵێنی بریقەداری قازانجی خێرا و گەورە، خەڵکی فریوداوە و هانی داون سەرمایەکانیان لە دراوە ئەلیکترۆنییە بێ بنەماکاندا وەگەڕ بخەن. ژمارەیەکی زۆر خەڵکی میشخاسیش پارەکانیان خستووەتە سەر ئەژماری بانکیی ئەو کەسە.

باس لەوە دەکرێت، ئەو کەسە خۆشی بووەتە قوربانیی ئەو فێڵبازییە و هەموو سەرمایەی خەڵکی لە کیس چووە. ئێستا دۆسیەی ناوبراو لە دادگا کراوەیە و هەرچەندە بە دانانی دەستبەندێکی ئەلیکترۆنی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام دڵەڕاوکێ و  خەمۆکی باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خەڵکی زیانلێکەوتوو لەبەردەم دادگای ئیلام کۆبوونەوە و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد بە پەلە بە دۆسیەکەیاندا بچنەوە.

 ئەم ڕووداوە، گەورەترین فێڵکردنە لە دوای ڕووداوی لاکسون کە خەڵکی ئیلام تووشی بوون.

لاکسۆن کۆمپانیایەکی هەرەمی بوو و ساڵی ٢٠٢٣ خەڵکی ئیلام سەرمایەگوزارییان تێدا کرد و لەودا پارەی ٤٠ هەزار خورا.