Skip to main content

سێیەمین کەس لە تەقینەوەکەی شاری سەڵماس گیانی لەدەستدا

تەقینەوە سەڵماس
لەو وێنەیەدا دوو ژنەکە و منداڵەکەی نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە
posted onFebruary 16, 2025
nocomment

بریندارێکی دیکەی تەقینەوەی سەڵماس گیانی لەدەستدا کە ژنێکی گەنجە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ کەس.

رۆژی شەممە بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی سەڵماس بە ناوی سەحەر عومەرزادە، کە لە تەقینەوەی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە سەڵماس بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.

دوو رۆژ لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. تەقینەوەکە بەهۆی دروستکردنی یاری ئاگرینی دەستکردەوە بووە.

لەو تەقینەوەیەدا ٥ کەس بریندار بوون، دوویان منداڵ بوون هەموویان ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی سەڵماس بوون.

رۆژی ٢٤ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە کاتی تەقینەوەکە ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵ دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

تەقینەوەکە لە بینایەکی سێ نهۆم لە گەڕەکی تازەشاری سەڵماس، سەر بە پارێزگای ورمێ روویداوە و لەو خانوویە یاری ئاگرینی دەستساز بۆ شەوی چوارشەممەسووری دروستکراوە.

هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوە لە نەورۆز دەیان کەس لەکاتی دروستکردنی یاری ئاگرین یان لە کاتی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینە دەستسازە ناستاندارەکان گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.