
گرووپێکی پەناخوازی ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک دەڵێن، حکومەتی ئەمریکا ئەوانی بەبێ رەزامەندیی خۆیان رەوانەی وڵاتی پەناما کردووە.
یەکێک لەو پەنابەرانە دەڵێت: ئەوان نزیکەی ١٥٠ کەس بوون و بە فڕۆکەیەکی سەربازیی و بەبێ رەزامەندیی خۆیان و بە کەلەپچەکراوی رەوانەی وڵاتی پەناما کراون.
ئەو پەناخوازە دەڵێت: سەرەتا بەوانیان نەگوتووە بۆ کوێیان دەبەن، تەنیا گوتوویان راتاندەگوێزین و ئەوانیش پێیان وابووە بۆ ویلایەتێکی دیکەی ئەمریکایان دەبەن، بەڵام دوای نزیکەی ٧ کاتژمێر فڕین و دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، ئەوجار زانیویانە لە وڵاتی پەنامان.
ئەو پەناخوازە داوای هاوکاری و بەدەنگەوە هاتن دەکات و دەڵێت: هیچ پارەیان پێنەماوە و حکومەتی پەناما دەیهەوێ سنوورداشیان بکاتەوە.
ئەو پەناخوازانە لە سنووری وڵاتی مەکزیکەوە چوونەتە نێو ئەمریکا.
پێشتر کەناڵی CBSی ئەمریکا بڵاوی کردبووەوە، ئەمریکا ئەو پەناخوازە ئاسیای و ئەفریقاییانە کەوا بەڵگەنامەی یاساییان نییە، دەنێرێت بۆ وڵاتی پەناما.
یەکەمجاریش رۆژی چوارشەممە بە فڕۆکەیەکی سەربازیی یەکەم گرووپی پەناخواز رەوانەی پەناما کران. ئەمە یەکەم گرووپی پەناخوازن کە حکومەتی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا دەریان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی پەناما لە راگەیەنراوێکدا گوتوویەتی: بۆ وەرگرتنی پەناخوازەکان لەگەڵ حکومەتی دۆناڵد ترەمپدا رێککەوتوون.