Skip to main content

تەرمی کۆڵبەرێک دوای ٣ رۆژ دۆزرایەوە

مەهیار سەفەری
مەهیار سەفەری، کۆڵبەر
posted onJanuary 31, 2025
nocomment

هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرێک کردووە و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

ئەو کۆڵبەرە ناوی مەهیار سەفەرییە و ٢١ ساڵ تەمەنی بووە و رۆژی ٨ی رێبەندان بۆ کۆڵبەریی چووەتە ناوچە سنوورییەکانی هەنجیران سەر بە شاری مەریوان بەڵام تەقەی لێکراوە ە گیانی لەدەستداوە. تەرمە مەهیار رۆژی رابردوو دۆزرایەوە.

ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی زێویە سەر بە شاری کامێران، سەر بە پارێزگای سنە بووە، بە کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە، بریندار بووە و دیار نییە دوای چەند ماوە گیانی لەدەستداوە.

کۆڵبەرەکان توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگان و لەبەر نەبوونی هەلیکار بۆ کرێ کۆڵ روو  لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و لە بەرانبەر بڕە پارەیەک بار بە کۆڵ دەگوازنەوە.

حکومەتی ئێران کۆڵبەریی بە فەرمی ناناسێت و لە سنوورەکان تەقەیان لێدەکات.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییدا لانیکەم ٥٧ کۆڵبەر بە هۆکار جیاواز گیانیان لەدەستداوە و ٢٨٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. بەشێک لەوان منداڵ بوون.