Skip to main content

ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بنکەی حدکای کردە ئامانج

حدکا
رێوڕەسمی ٢ی رێبەندانی ١٤٠٣ی حدکا لە ناوچەی خەلیفان
posted onJanuary 30, 2025
nocomment

سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵیداوە بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی خەلیفان، سەر بە پارێزگای هەولێر بکاتە ئامانج، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان درۆنەکیان تەقاندووەتەوە.

بەگوتەی سەرچاوەکان، سوپای پاسداران ئێوارەی رۆژی ١١ی رێبەندانی ١٤٠٣ درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ناردووەتە سەر بنکەیەکی حیزبی دێموکرات، بەڵام پێش ئەوەی درۆنەکە خۆی بە ئامانجەکەیدا بکێشێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان تەقاندوویانەتەوە.

بەبۆنەی ٧٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە رۆژی ٣ی رێبەندان رێوڕەسمێک لە ناوچەی خەلیفان بەڕێوەچوو، کە هەندێ لە ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران ئەوەیان وەک پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەمنی لە قەڵەمدا.

رۆژی 19ـی مارسی 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان

چەند مانگ دوای ئەو رێککەوتنە لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کشانەوە و لە ناوچەیەک لە نزیک شارۆچکەی خەلیفان جێگیر بوون.

گوشاری ئێران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازاد زیاتر پەرەیسەند.

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی ١٤٠١حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵک کرد ناڕەزایەتی دەرببڕن و دوای ئەوە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵک چەندین مانگ درێژەی کێشا.

پێشتریش حکومەتی ئێران لە کۆیە، زڕگوێز، پردێ و لە ناوچە سنوورییەکان چەندین جاری دیکەش بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج و دەیان پێشمەرگە و ئەندامی رێبەریی ئەو حیزبانە شەهید بوون.

دوای جێگیربوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی خەلیفان، ئەوە یەکەمجارە بە درۆن دەکرێنە ئامانج.