Skip to main content

ڕێڕەوی ماڵی ئەوروپا لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ دەرمان و خۆراکە

ڕێڕەوی ماڵی ئەوروپا لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ دەرمان و خۆراکە
posted onFebruary 2, 2019
nocomment

 

ئەگەرچی سێ وڵاتی ئەوروپایی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندان ڕایانگەیاند ڕێڕەوی ماڵی تایبەت بە درێژەی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیان بە فەرمی تۆمار کردووە، بەڵام  کاتی دەستبەکاربوونی کردەیی ئەو ڕێڕەوە تا ئێستا ناڕوونە.

 

جرێمی هانت، هایکو ماس و ژان لودریان، وەزیرانی دەرەوەی بڕیتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە لە کۆتایی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپایی لە بوخارستی ڕۆمانی ڕایانگەیاندووە کە بۆ درێژەدان بە کاری بازرگانی ڕێڕەوی ماڵی کە وابڕیاڕ بوو بۆ ئەو مەبەستە دابندرێ بە فەرمى لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تۆمار کراوە.

لە ڕاگەینداراوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاڕنامەی ژمارە ٢٢٣١ پشتگیری لێکردووە باس لەوە کراوە سودمەندبوونی تاران لە ئیمتیازەکانی ئەو ڕێککەوتنە بەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ئەو پەیماننامەیە بە تایبەت لە بواری هاوکاری وردی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم.

لە درێژەی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە "ئینس تەکس" پشتیوانی دەکات لە بازرگانی ڕەوای یەکیەتی ئەوروپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئەو ڕێکخڕاوە بە تایبەت لەسەر بەشەکانی دەرمان، کەرەستەی پزیشکی و خۆراکی دەبێت. لە درێژەدا هاتووە ئامانجی "ئینس تەکس" لە درێژ ماوەدا ئەوە دەبێ کە وڵاتانی دونیا بتوانن لە ڕێگەی ئەو ڕێکارەوە درێژە بە کاری بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بدەن.

ئەوروپا و ئێران و ماڵى

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە وتەیکدا ڕایگەیاند درووستکردنی ئەو دامەزراوە هەوڵیکی سیاسییە کە ئامانجەکەی پاراستنی کۆمپانیا ئەوروپییەکانە لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکا. وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە، ئاڵمان و بڕیتانیا لە ڕاگەیندراوەکەیاندا کاتێکی تایبەتیان بۆ دەستپێکردنی کاری ئەو دامەزراوە ڕانەگەیاندووە و تەنیا تۆمارکردنی ئەو ناوەندەیان بە هەنگاوێکی گرینگ زانیوە و گوتویانە دەبێ کاری زۆرتری بۆ بکرێت.

جێبەجی بوونی ئەو میکانیزمە ماڵییە قۆناغ بە قۆناغ دەبێ و هەر سێ وڵات لەسەر وردەکاری دەقیقی چۆنیەتی کارپێکردنی کۆمپانیاکان کار دەکەن و هەروەها ئەو سێ وڵاتە بە هاوکاری ئێران کار دەکەن بۆ ئەوەی دامەزراوەیەکی شەفاف درووست بکەن کە بۆ بە ئامانج گەیشتنی "ئینس تەکس" پێویستە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیندارەکەدا هاتووە ڕیککەوتنی ناوەکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خاڵی بنەڕەتی هەوڵە نێودەوڵەتییاکان دەبێ بۆ پێشگرتن لە بڵاو بوونەوەی چەکی ناوەکی و بۆ ڕاگڕتنی تەناهی ناوچەکە بابەتێکی چارەنووس سازە.  لە بڕگەیەکی دیکەدا هاتووە بەڵام ئەو ڕێککەوتنە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی دژی هەوڵە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی نەوەستینەوە.

پێشتر وابڕیاڕ بوو چالاکی ئەو ڕێڕەوە ڕەزبەڕی ئەوساڵ و هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی خوولی دووەمی گەمارۆکان دژی ئێران دەست پێ بکات، بەڵام بە هۆی هێندێک گرفتی تکنیکی و ترس لە سزاکانی واشنگتۆن دەستپێکردنی کارەکانی وەدرەنگێ کەوتبوو. "ئینس تەکس" ڕۆژی چوارشەممە لە فەڕانسە تۆمار کرا و بنکەکەی لە وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتەیە. سەرۆکایەتی ئەو دامەزراوە بە پێر فیشێڕ لە بەڕێوەبەرانی خاوەن ئەزموونی پێشووی کمرێز بانکی ئاڵمان و چەند چاوەدێرێک لە بەریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە ئەسپێردراوە.

سەرمایەی داندراو لەو دامەزراوەدا سێ هەزار یۆرۆ بەرامبەر لەگەڵ سێ هەزار و ٤٤٧ دۆلارە.