Skip to main content

بەریتانیا: عێراق دەبێ لە ژێر کاریگەریی ئابووریی ئێران بێتە دەرەوە

بەریتانیا: عێراق دەبێ لە ژێر کاریگەریی ئابووریی ئێران بێتە دەرەوە
posted onJanuary 28, 2019
nocomment

 

ئالیستێر بێرت جێگری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە حەوتی ڕێبەندان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ هەواڵدەری ڕۆیتەرز ڕایگەیاند پێویستە عیراق کۆتایی بێنێت بە گرێدراوی ئابووری بە کۆماری ئیسلامی.

 

بێرت کە لە دوای قسەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە چوونە دەری هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریە هاتووەتە عێراق دەڵی: بیرکردنەوە لە عێراقی بێ دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی مەحاڵە، بەڵام گرینگە عێراق لە پێوەندی دەرەکی خۆیدا وەدوای داهاتووی خۆی بکەوێ و خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز ببێت و گرێدراو بە کۆماری ئیسلامی نەمێنێت.

 

دوای قسەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە، شەپۆلێک دیدار و چاوپێکەوتنی دیپلۆماتیک لە بەغدا لە ئارادایە. هاوپەیمانانی ئەمریکا نیگەرانی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریەن تەنانەت ئەگەر ئەو پڕۆژەیە زۆر بە ئارامی بەرەو پێش بچێت دیسان دەبێتە هۆی جەسور کردنی ئێران لە سوریە و عێراق.

ڕۆیتەرز دەنووسی ئەمریکا هیوادارە بە دانانی گەمارۆی نوێ لە دژی ئێران پێش بە دەستێوەردانەکانی ئێران بگرێت و هانی عێراق دەدات کڕینی گاز لە ئێران بوەستێنن. ئەمریکا تا بەهار دەرفەتی داوە بە عێراق بۆ ئەوەی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە ڕابگرێت، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی عێراقی دەڵین پێویستیان بە ٢ ساڵە بۆ ئەوەی لە هێنانی گاز لە ئێرانەوە بێ نیاز ببن. عێراق گازی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە وزەخانەکانی کارەبا بەکار دێنێت و هەروەها بەغدا گەورەترین کڕیاری کارەبای ئێرانە.

جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێ عێراق دەبێ لە نەوتی وڵاتەکەی خەرج بکات بۆ ئەوەی لە ڕووی دابینکردنی وزەوە بە سەربەخۆیی بگات. بە پێی ئامارەکانی بانکی جیهانی عێراق ساڵانە ٢٧ ملیارد مەتری چوار گۆشە گازی هاوڕێ دەسوتێنێت. گازی هاوڕێ، گازێکە لە پەنا نەوت لە سەرچاوە نەوتییەکان هەڵدەهێنجرێت و دەکرێ بە سەرمایەگوزاری و سوودى لەسەر بکرێت.

ڕۆیتەرز دەنووسێ توانایی ڕۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل و ئەگەرچی بە هۆی ڕێککەوتنی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاستەکەی هێناوەتە خوارتر. ئەمریکا هیوادارە عێراق سوتاندنی گازی هاوڕی ڕاگرێ و ئەو سەرچاوە بکاتە بە جێگرەوەی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە.

عێراق بە هاوردەی ٧ ملیارد دۆلار کاڵا لە ئێران گەورەترین وڵاتی هاوردەکەری کاڵا لە ئێرانە. پێشتر چین و ئیمارات گەورەترین وڵاتانی هاوردەکەری کاڵای غەیرە نەوتی لە ئێران بوون. برێت بە دووری دەزانێ ئێران و ئەمریکا لە عێراق یان سوریە ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە بەڵام گوتویەتی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک هەڵەیەکی ستراتیژیکە.

کێشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل هاوپەیمانی نیزیکی ئەمریکا لە سوریە زیادی کردووە و ئیسرائیل دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگا نیزامییەکانی ئێران لە سوریە.