Skip to main content

 کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵ ٢٤٥ چالاکوانی ژنی کورد دەستبەسەر کراون

 کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵ ٢٤٥ چالاکوانی ژنی کورد دەستبەسەر کراون
AvaToday caption
posted onMarch 9, 2023
nocomment

لە ماوەی یەک ساڵ، کۆماری ئیسلامی ٢٤٥ چالاکوانی ژنی کورد دەستبەسەر کراون و هۆکاری دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەم ژنانە چالاکی سیاسی بووە.

 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە راپۆرتێکی ئاماریدا ئاشکرای کردووە کە لەنێوان مانگی مارسی ٢٠٢٢ هەتا مانگی مارسی ٢٠٢٣، لانیکەم 245 چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون یان ڕفێندراون. هەروەها دەزگای بەناو دادی ریژیمی ئیسلامی ئێران سزای بەندکران و سێدارەی بەسەر لانیکەم ٣٠ چالاکی ژندا سەپاندووە.

بەپێی ئامارەکەی هەنگاو لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا، لانیکەم 25 ژن لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە.

 

دەستبەسەرکرانی ٢٤٥ چالاکی مەدەنیی ژن

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژنی کورد لە سەرتاسەری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەم کەسانە چالاکی سیاسییەوە بووە. بە تۆمارکردنی ١٣٧ حاڵەت پارێزگای سنە زۆرترین حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هەبووە.

 

هۆکاری دەستبەسەرکران:

چالاکی سیاسیی؛ ٢١ حاڵەت بەرانبەر ٨.٥٪ی کۆی گشتی.

چالاکی مەدەنی؛ ٣ حاڵەت بەرانبەر بە ١.٥٪ کۆی گشتی.

شۆرشی ژینا؛ ٢٢١ حاڵەت بەرانبەر بە ٩٠٪ی کۆی گشتی.

پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان

پارێزگای سنە؛ ١٣٧ حاڵەت

پارێزگای ورمێ؛ ٣٩ حاڵەت

پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت

پارێزگای ئیلام؛ ٢٤ حاڵەت

شارەکانی ئێران؛ ٢٠ حاڵەت

 

سەپاندنی سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکانی ژن

لە مارچی ٢٠٢٢ەوە هەتا مارچی ٢٠٢٣ بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٣٠ چالاکی ژن بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، بەشداری لە ڕاپەڕینی ژینا و چالاکی مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو چالاکی LGBTQیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ١٤ کەس لەم ژنانە کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەرکراون.

 

تۆمارکرانی ٢٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان:

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ٨ی مارست ٢٠٢٢ەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢٣ لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا کوژراون کە ٥ حاڵەتییان قەتڵی نامووسی بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت، سنە ٧ حاڵەت، ئیلام ٥ حاڵەت، ئورمیە ٥ حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوە.

هەروەها لەم ژمارەیە، ١٠ ژن لەلایەن هاوژین، ٧ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، ٤ ژن لەلایەن برا و ٢ ژن لەلایەن هاوکارەکانییانەوە کوژراون و بکوژی ٢ کەسیشیان نادیارە.

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێنج حاڵەتی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووس و شەرەف تۆمارکراوە. ١٥ حاڵەت بەهۆی ناکۆکی بنەماڵەیی و هۆکاری کوشتنی ٥ حاڵەتیش نادیارە.