بە پێی دوایین زانیارییەکانى ئەمدواییەى سەفەرەکەى فەرماندەى سوپاى قودسی ئێرانی بۆ عێراق، ئاشکرا بووە کە هەوڵەکانى ئەو فەرماندە سەربازییەى تاران لەنزیک کردنەوەى لایەنە شیعەکانى عێراق شکستی هێناوە و، دەنگۆی ئەوەش بڵاو بووەتەوە کە "هەوڵی داوە چاوی بە ڕێبەرى ڕەوتى سەدر بکەوێت، بەڵام وەڵامى نەداوەتەوە".
یەکشەممەى ڕابردوو ئیسماعیل قائانی لە سەردانێکی نهێنی گەیشتە بەغدا و دواى کۆبوونەوەیەکى دوورو درێژى لەگەڵ هێزى هەماهەنگی شیعەکانی عێراق چووەتە شارى نەجەف لە باشوور عێراق و لەوێ هەوڵی داوە چاوی بە موقتەدا سەدر بکەوێت، بۆ ئەوەى ئەو درزەى لە نێوان میلیشیا و گرووپە شیعەکان هەیە چاکی بکاتەوە، بەڵام بێ ئەنجام گەڕاوەتەوە تاران.
سەرەتا هیچ لایەنێکى فەرمیی عێراقی و ئێرانی باسیان لەو سەردانە نەکرد، بەڵام دواى بڵاوبوونەوەى وێنەکانى قائانی لەسەر گۆڕی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە نزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانى فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس لەلایەن هێزەکانى ئەمەریکا لە ناو بران، زۆربەى میدیاکان باسیان لەو سەردانە نهێنیەى فەرماندەکەى سوپاى قودس کرد.
ئاژانسى میهری ئێران هێماى بەوە کردووە "سەردانەکەى قائانی بۆ عێراق تەنها مەبەستى کۆبوونەوە بووە لەگەڵ سەرکردەکانى هێزەکانى هەماهەنگی شیعە، بۆ ئەوەى هەڵوێستى ماڵى شیعە یەکگرتوو بێت". لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتى ئەو ئاژانسە جەخت لەوە کراوەتەوە گوایە "قائانی هەوڵی داوە هاوپەیمانییەکى فراوانى شیعە دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا تاوتوێی پێکهێنانى حکومەتى نوێ لە بەغدا بکات لەگەڵ لایەنەکانى نێو گرووپە شیعەکان".
دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ڕابردوو، بەشێکى زۆری هێزە شیعە نزیکەکانى رژێمى ئێران تووشى گەورەترین شکستى هەڵبژاردن بوون، بەتایبەت هاوپەیمانى فەتح کە لەهەڵبژاردنەکانى ٢٠١٨ خاوەنى ٤٨ کورسی پەرلەمانى بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانى ٢٠٢١ بۆ ١٧ کورسی دابەزی، ڕەوتى سەدر، توانى بە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان لەکۆى ٣٢٩ کورسی بە ٧٣ کورسی دەربچێت.
قائانی لەچوارچێوەى سەردانەکەى ویستبووى چاوی بە موقتەدا سەدر بکەوێت، بەڵام زۆربەى سەرچاوە میدیاییەکان و، تەنانەت سەرچاوە نزیکەکانى نزیک سەدر ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە " هیچ دیدارێک لەنێوان فەرماندە ئێرانی و عێراقییەکە ڕووی نەداوە".
نەجم قەساب، توێژەری سیاسیی عێراقی دووپاتی دەکاتەوە "قائانى وەک سولەیمانى نییە و ڕەوتى سەدریش نایهەوێت سەرکێشى بە بردنەوەکەى بکات، چونکە پێی وایە ڕەنگە لە هەڵبژاردنى داهاتوو ئەو چانسەى دووبارە نابێتەوە". قەساب دەشڵێت "ڕەوتى سەدر، دوو جار لەهەڵبژاردنەکان براوە بووە، بەڵام زۆربەى وەزارەتەکان و حکومەتى ڕادەستى لایەنە شیعەکانى دیکەى کردووەو، ئەوانیش هیچ شتێکی ئەوتۆیان پێشکەش بەکۆمەڵگەى شیعەو پێکهاتەکانى دیکە نەکرد". ئەو توێژەرە سیاسییە پێی وایە "تەنانەت قائانى ناتوانێت کۆنتڕۆڵى هێزە نزیکەکانى تارانیش بکات کە چەندین ساڵە پاڵپشتیان دەکات و، خۆیشى دروستی کردوون".
بەشێک لەسەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن "قائانى هیچ پرۆژەیەکى پێ نەبووە، تەنها هەڵگری بیروکەیەکی لێکگەیشتن بووە لەنێوان هێزە شیعەکان بۆ ئەوەى بگەنە قۆناغی یەکگرتن". هەرچەندە سەدر چەندین مانگە هەڵگری پەیامی "پێکهێنانى حکومەتێکى زۆرینەى نیشتیمانی"ـیە، بەڵام پێ ناچێت هەنگاوەکانى تا خاڵى کۆتایی سەرکەوتوو بن، چونکە هێزە نەیارەکانى سەدر بەئاسانى رێگە نادەن بەو شێوەیە لایەن براوەى یەکەم پەراوێز بخرێن. لە هەمان کاتیشدا رژێمى ئێران گرنگییەکانى بەرامبەر عێراق بەبەراورد لەگەڵ جاران کەمتر بووەتەوە، چونکە لەو کەیسانەى لەماوەى رابردوو لەئەستۆی گرتبوون شکستى هێناوە، بەتایبەت سووریا، عێراق و لوبنان و یەمەن، ئێستاش دەیەوێت لەو سزایانەى بەهۆى ئەو وڵاتانەوە بەسەریدا سەپێنراوە دەربازی بێت".
بۆیە ئەمڕۆ تاران بەرامبەر ئەو قازانجانەى لەماوەى رابردوو بەدەستى هێناوە، رۆژ لەدواى رۆژ دەیدۆرێنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەى بەقوڵایی شیعەکان دادەنرا، بۆیە بردنەوەى سەدر، سەرکێشەیەکى کەمترە لەوەى کەسێک بەتەواوی دژایەتیان بکات.
پێشبینی ئەوەش لەئارادایە کە سەدرو گرووپە شیعەکان بگەنە رێکەوتنێکى مامناوەند، تا ڕادەیەک هێزە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنیش بەشدارییەکى لاوەکی لەحکومەتى داهاتووی بەغدا بکەن، بەڵام بەمەرج و خاڵە هەموارکراوەکانى سەدر.