سوپای تێرۆریستیی پاسداران لە ڕێگەی بەکرێگیراوانی تایبەتی خۆی بە ناوی ڕەوتی سەلەفی جیهادییەکان، هەوڵی ناسەقامگیری و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکدانی فەرهەنگی کوردی لەنێو شارەکانی کوردستان دەدا.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، چەند بەکرێگیراوێکی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری جوانڕۆ بە چەکی گەرم و سارد، هەڵیانکووتاوەتە سەر دوکان و بازاڕی خەڵک و چەند هاووڵاتیشیان بریندار کردووە.
ئەم چەکدارانە بە ئاشکرا بە چەکی کڵاشنیکۆف و قەمە و شمشێر لەنێو شاردا هێرش دەکەنە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک بە بیانووی بێڕێزیکردن بە ئیسلام و ئەمە لە کاتێکدایە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی هیچ بەدواداچوونێک بۆ ئەم بەکرێگیراوانەی سوپا ناکەن.
شایانی باسە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیی و باوەڕە ئایینییەکان و کولتووری پێکەوەژیان پێشەنگن و ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیم لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ تێکدانەی ئەو کولتووری پێکەوە ژیان و فەرهەنگی کوردانەی کوردستان هان دەدرێن و پشتیوانیی دەکرێن.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم تاقم و دەستە ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی جیاجیادا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و هەر ڕۆژێک بە پاساوێک بە هەموو جۆرە چەکێک هەڵدەکوتنە سەرخەڵک و ئاژاوە دەنێنەوە و تا ئێستاش چەندین کەس لە شارەکانی کوردستاندا بە دەستی ئەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.