Skip to main content

کۆمپانیا ئێرانییەکان پارە لە عێراق وەردەگرن و ڕا دەکەن

کۆمپانیا ئێرانییەکان پارە لە عێراق وەردەگرن و ڕا دەکەن
کۆمپانیا ئێرانییەکان کە سەر بە سوپاى پاسداران تەنانەت ٥٠%ى پرۆژەکانیان لە بەسرە تەواو نەکردووە
posted onDecember 18, 2018
nocomment

 

سەرەڕاى قەیرانە سیاسی و ئەمنییەکانى عێراق، ئەو وڵاتە بەهۆى قەیرانى ئابوورى و هەڵاتنى کۆمپانیا بیانییەکانیش دەناڵانێت، بە تایبەت کۆمپانیا ئێرانییەکان کە ساڵانێکى زۆرە بە ناوى "وەبەرهێنان و بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى" چوونە خاکی عێراق.

 

بە پێی ئامارێکى فەرمیی حکومەتى بەغدا "بەشێکى زۆرى ئەو وەبەرهێنانەى کەمتەرخەمیی تێدا ڕووی داوە، پشکى شێری بەر کۆمپانیا ئێرانییەکان دەکەوێت"، ئەوەش لە کاتێکدایە سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان شایستە داراییەکانیان پێشوەخت وەرگرتووە. زۆرینەى ئەو کۆمپانیانە لەلایەن میلیشیا دەسەڵاتدارەکانەوە پاڵپشتى دەکرێن و، چوونە دەرەوەشیان لە بازاڕى عێراق بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەکى پێشوەختە بووە.

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى بەسرەش هێماى بەوە کردووە "زۆربەى پرۆژەکان بەبڕیارى ٣٤٧ـى ئەنجومەنى وەزیرانى بەغدا لەساڵى ٢٠١٥ بەبیانووى قەیرانى داراییەوە ڕاگیراون".

ئەحمەد سەلیتی، سەرۆکى لێژنەى دارایی ئەنجومەنى ئەو پارێزگایە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ڕاگەیاند "هیچ کۆمپانیایەکى وەبەرهێنان لەشارەکەیاندا نییە، بەڵکو ئەوەى هەبووە پڕۆژەکانى حکومەت بووە، بۆ ئەوەى ژێرخانى شارەکە نۆژەن بکەنەوە"، گووتیشى "تێچووى کۆى گشتى ئەو پڕۆژانەى لەبەسرە ڕاگیراون تێچووەکەى دەگاتە ٢ ترلیۆن دیناری عێراقی و، هەمووشى تا ئێستا بۆ کاتێکى نادیار هەڵپەسێردراون".

بەشێک لەبەرپرسانى شارەکە باسیان لەوە کردووە " لەنێو پارێزگادا ڕێگە بە ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی دراوە، تەندەر وەربگرێت و سەرپێچی بەڵێنەکانى بکات و پرۆژەکان بەنەتەواوى جێ بهێڵێت". لەلایەن خۆشیەوە دەستەى دەستپاکى عێراق، کە دامەزراوەیەکى حکومەتە لە نوێترین ئاماریدا لە بارەى بەسرە ئاشکراى دەکات "کۆى گشتى پرۆژە تەواونەکراوەکان بۆ 233 پرۆژە بەرز بووەتەوە و لەنێویاندا ٤٣ پرۆژە ڕەوانەى دادگا کراون".

ئەو دەستەیە لە ڕاگەیەنراوێکیدا جەختى لەوە کردووەتەوە کە تێچووى گشتى پڕۆژە تەواونەکراوەکان ٢.٦٩ ترلیۆن دینارە، لە نێویاندا نیو ترلیۆن بۆ دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى بەسرایە، جگە لەپرۆژەى خزمەتگوزاری و تەندروستى و فێرکاری و پەروەردەیی و چەندانى دیکە.

سەلیتی لەبارەى نۆژەنکردنەوەى شارەکەیان لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە، یاخود دەسەڵاتدارانى شارەکە، دووپاتی دەکاتەوە " بەسرە بسووتێنرێت کەس بە هاناوەیە ناچێت، بەغدا تا ئێستاش شایستەى دارایی زۆرێک لەپرۆژەى کۆمپانیاکانى شارەکەى نەگەڕاندۆتەوە کەپێش ٢٠١٥ کاریان کردووە".

بەسرە تاکە شارى عێراقە، کە خاوەنى دەروازەیی دەریایی هەیە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو سەرچاوە ئاگادارەکانى شارەکە سوورن لەوەى کۆمپانیا ئێرانییەکان بەبێ تەواوکردنى پابەندییەکانیان بەرامبەر ئەو گرێبەستەى ئەنجامیانداوە کارەکانیان جێهێشتووەو گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆیان. بەشێک لەو کۆمپانیانە بەبێ تەواوکردنى کارەکەى لەبەسرەوە گواستوویەتەوە بۆ شارێکى دیکەو، بەهەمان سیناریۆ و گرێبەست دەستى بە ئەنجامدانى پرۆژەى پەرەپێدانى ژێرخانى ئابووری کردووە.

سەرچاوەکان دەشڵێن "پێنج کۆمپانیاى ئێرانى کە تۆمەتبارى سەرەکیی پرۆژەکانى بەسرەن لە باشووى عێراق، ئەرکى دروستکردنى کەناڵى ئاوەڕۆی شەتولعەرەب و شارێکى نیشتەجێبوون و دروستکردنى تۆڕی ئاوەڕۆ و تەندروستى بووە، بەڵام هیچیان ئەنجام نەداو هەڵاتن".ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى بەسرە جەخت لەوە دەکاتەوە "هیچ دەسەڵات و شتێک لەبەسرە لەدواى خۆپێشاندانەکانى هاوینى ڕابردوو، لەسەر یەک نەماوە، تەنانەت کۆبوونەوەکانیان بەپێوە ئەنجام دەدەن".

بەسرەییەکان ئاوریان لە قونسوڵى ئێران لە شارەکەیان بەردا لەبەر دەستتێوەردان و خراپکارییەکانى ئەو وڵاتە

بەسرەییەکان ئاوریان لە قونسوڵى ئێران لە شارەکەیان بەردا لەبەر دەستتێوەردان و خراپکارییەکانى ئەو وڵاتە

 

هاوکات حەسەن تەمیمی، ئەندامی ڕەوتى مەدەنى لەبەسڕا بەروونى باس لەوە دەکات "هیچ کەس ناتوانێت ڕەخنەیەک لەو کۆمپانیا و پرۆژانە بگرێت کە بوونەتە هۆى وێرانبوونى شارەکەیان، هەر ڕەخنەیەک یاخود داواکردنى مافی بنەڕەتى ئەوا بەتایفی و بەعسی تۆمەتبار دەکرێن". هۆکارى سەرهەڵدانى خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوو بەهۆى ڕاگرتنى پرۆژەى نۆژەنکردنەوەى ژێرخانى ئابوورى بووە، کە بوونە هۆى سووتاندنی زۆربەى دامودەزگا فەرمییەکانى شارەکەو قونسڵخانەى ئێران لە بەسرە.

کۆمپانیا ئێرانییەکان تەنانەت سەدا ٥٠ پرۆژەکانیان لەو شارەش تەواو نەکردووە، تەمیمی حکومەتى ناوخۆیی بەسرە تۆمەتبار دەکات بەوەى "ئەوان بە پشتگیری حەشدی شەعبی گرێبەست و تەندەرییان وەرگرتووەو، ئەرکى پرۆژەکان لەبری کۆمپانیا شارەزاییەکان دراونەتە ئەوانەى خۆیان و ملیۆنەها دۆلاریان وەرگرت و ڕۆیشتن".

سەلیتى لەبارەى چارەسەرێکى گونجاوی بۆ شارەکەیان هیچی پێ نییە، ڕوونی کردەوە کە "بەسرە هاوشێوەى کوردستان نییە پاڵپشتى نێودەوڵەتى هەبێت، چونکە نە بەغدا گوێی لێرادەگرێت و نەلۆبیشى لە بەغدا هەیە، بۆ ئەوەى فشار بخاتە سەر حکومەتى ناوەندی".

یەکێک لەو کۆمپانیانەى تۆمەتبارن بەتەواونەکردنى پرۆژەکانى کۆمپانیا (کەوسەران)ـى ئێرانییە، کەکارى لەسەر تێکدانى شەقامەکانى بەسرە تا گەڕەکی بەتول نزیک نەخۆشخانەى فەیحای سەنتەرى شار کردووە، دواتر چاکی نەکردووەتەوەو، دواى وەرگرتنى شایستە داراییەکانى لە شارەکە چووەتە دەرەوە.

بەشێکى زۆری ئەو کۆمپانیانەش بەشێکن لە تۆڕى بازرگانى سوپای پاسداران و، لەسەرتاسەرى عێراقیش نزیکەى ٤٠٠ کۆمپانیاى ئێرانی هەیە، کەکارى جۆراجۆر دەکەن.