مەھابادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی کورد سەر بە پارێزگاى ورمێیە و کەوتووەتە باشوورى گۆلى ورمێ و نێوان شارەکانى میاندواو و سهردهشت و بۆکان و پیرانشار و کەش و ھەوایەکى فێنک و کوێستانى هەیە و چۆمێکى گرنگی ھەیە بە ناوی چەمی مەھاباد کە بە دەشتی شارەکەدا دەڕوا و لە ڕێگای کاناڵەوە زەوی و مەزاراکان ئاودەدێری پێ دەکرێت بەمەش شارەکە لە ڕووى زەویى کشتوکاڵی و بەرهەمەوە گرنگ و ستراتیژى دەکات.
ئەم پێشەکییە بۆ ئەوەبوو کە ئاشکراى بکەین ️دەشتەکانی شامات کە باشترین خاکی مەهابادە لە ڕووی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە، شەوانە زبڵی شاری میاندواوی لێ فڕێ دەدرێت و بەمەش زۆرێک لەو زەوییە بە پیت و بەرەکەتانە بوونەتە زبڵخانە و هیچ سوودێکیان بۆ بەرهەمهێنانى کشتوکاڵى نییە.
زیاتر لە ساڵێکە شاری میاندواو کە دراوسێی مەهابادە، هەموو زبڵە شارییەکانی وەک کەرەستە و زبڵی کارگە و کشتووکاڵی و ئاژەڵداری، نەخۆشخانە و شوێنە بازرگانى و نیشتەجێکان لە زەوییە دەرەجە یەکەکانی شاری مەهاباد بەتاڵ و فڕێ دەدرێت، ️ئەوە لە حاڵێکدایە شاری میاندواو زەویی بێ کوالێتی هەیە وەک "شاهیندێژ" و "مەلیکانی"، کەچى زبڵەکانیان لە تەنیشت گوندی سەر سەوزی "تەنگەباڵە" و زەوییەکانی "شامات"ـى مەهاباد کە زەوى زۆر باش و بەپیتن، هەڵدەڕێژرێن.
سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵکی مەهاباد و نوێنەری شاری مەهاباد، کەچى هیچ ئۆرگان و بەرپرسێک وەڵامدەری ئەم کارە نایاسایی و خیانەتە گەورە و تێکدانى جوگرافییە نەبوونە. ️مەحموودی نوێنەری شاری مەهاباد، لە پرسیارێک کە ئاراستەی پەرلەمانى کۆماری ئیسلامی کردووە دەپرسێت: "بۆ ٢٥هەزار ملیار تمەنتان بەخشیوەتە شاری میاندواو تا مەهاباد لە زبڵەکانیدا بخنکێنێت؟ چ پیلانێکى شاراوە لەم تاوانەدا هەیە؟"
بە هاتنى ڤایرۆس و پەتاى کۆڤید ١٩ یا هەمان کۆڕۆناش بۆ نێو ئێران کە لە لایەن دەسەڵات و بە دەستى ئەنقەست کردى، ئێستا پاشماوە و کیتەکانی تێستی کۆرۆنا و سەرجەم نەخۆشییەکانى شارى میاندواو لە شاماتی مەهاباد فڕێ دەدرێن کە ئەمەش دووبارە مەترسییەکانى چەند هێندە کردووە.
کۆمارى ئیسلامى سیاسەتى پشتگوێخستن و لەنێوبردنى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى پەیڕەو کردووە و لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا کارى تەواوى لەسەر لەنێوبردنى زەوییە کشتوکاڵییەکانى ڕۆژهەڵات کردووە و تەنانەت هەر لە خودى مەهاباد زۆرێک لە زەوییە بە پیت و بەرەکەتدارەکان لە لایەن تورکەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و بە چەشەکردن و پێدانى پارەیەکى زۆر زەوییەکان لە کوردەکان وەردەگیردرێن و بەرهەمەکەیان دەبرێت بۆ شارەکانى دیکە هەروەک چۆن ئاوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبرێت بۆ ژیاندنەوەى گۆلى ورمێ و یا دەبرێت بۆ شارە فارسنشین و تورکنشینەکان کە دووبارە لەمەدا نە کارێکى خەیر و نە مەبەستێکى باش هەیە جگە لەوەى پیلانێکە بۆ وشککردن و قڕکردن و تێکدانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.