ڕێکخراوی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان ڕاگەیێندراوێکیان سەبارەت بە بارودۆخی محەمەد نوری زاد بڵاو کردەوە و خوازیاری ئازادی بێ هەلومەرجی هەموو بەندکراوە سیاسیی و بیروباوەڕییەکان بوون.
لە دەقی ڕاگەیێندراوەکەدا کە بە "ئەوەڵ و ئاخر یار" دەستى پێ کردووە، هاتووە: "نوریزاد بۆ کۆمەڵگەی یارسان، کەسایەتییەکی ناسراو و خۆشەویستە. ئەو یار و خەمخۆری ئێمە لە بارودۆخە دژوارەکەی ئەم ساڵانە بووە. هەبوونی نوریزاد و خوالێخۆشبوو دکتور محەمەد مەلکی لە خۆپیشاندانی چالاکانی مەدنی یارسان و پاڵپشتی ئەوان لە داواکارییە ڕەواکانی ئێمە، لە یاد ناکرێت".
ڕێکخراوى ڕاوێژ باسیش لەوە دەکات کە "سەردانی نوریزاد لە بنەماڵە شەهیدەکان لەوانە کیانوش ئاسا، شلێر فەرهادی، بنەماڵەی بوومەرزەلێدراوەکان و... لە بیرمانە و ناسڕێتەوە. کەچى بەداخەوە ئەم ڕۆژانە هەواڵی ناخۆش لە لایەن بنەماڵەی نوریزاد لە ماڵپەرەکان بڵاو بووەتەوە کە دەرخەری بەردەوامیی نوری زاد لە مانگرتنی لە خواردن، خۆلێدانی پەیتاپەیتا و بەردەوامی گوشارە ڕۆحی و ڕەوانی و جەستەییەکانیەتى".
ڕێکخراوی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان، نیگەرانی خۆى لەسەر دۆخی نوریزاد دەربڕیوە و داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات "دەستبەجێ کۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بدات و گرینگی بە داواکارییەکانی نوریزاد بات"، چونکە بە گوێرەی یاساکان و لە چوارچێوەی ئەخلاق و بنچینەکانی مرۆڤایەتی، جیا لە هەر جۆر تۆمەتێکی پاڵنراو، بەرپرسایەتی ڕاستەوخۆی پاراستنی سەلامەت، کەرامەت و گیانی هەموو زیندانییەکان (بەتایبەت زیندانی سیاسی) لە ئەستۆی حوکومەتەکانە.
لە کۆتاییدا ئەم ڕێکخراوە یارسانییە دەڵێت "ئێمە گرینگینەدان به مافی مرۆڤایەتی محەمەد نوریزاد بە توندی مەحکوم و دیسان لە چوارچێوەی ئامانجی مرۆڤانەی «ئاشتی نەتەوەیی»، خوازیاری ئازادی بێ هەلومەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی و بیروباوەڕی داین و ئەمە بە یەکەمین هەنگاو بۆ سەقامگیری ، گەشە پێدان، ئازادی و ئاوەدانی نیشتمانی ئازیزمان دەزانین".