Skip to main content

پەیمانگای واشنتۆن: ئەوەى هێرشى کردە سەر هەولێر عەسایبی ئەهلى حەق و کۆمارى ئیسلامى بوون

پەیمانگای واشنتۆن: ئەوەى هێرشى کردە سەر هەولێر عەسایبی ئەهلى حەق و کۆمارى ئیسلامى بوون
AvaToday caption
posted onFebruary 27, 2021
nocomment

ماڵپەڕى (www.washingtoninstitute.org) لێکۆڵینەوەیەکى لە ژێر ناوى "پەیوەندى هێرشە مووشەکییەکەى سەر هەولێر: ڕۆڵى چاودێرى لەسەر سەرچاوەى واڵا" بڵاو کردووەتەوە کە لە لایەن (كریسپێن سمیث ـ Crispin Smith) و (مایكل نایتس ـ Michael Knights) و (حەمدی مالك ـ Hamdi Malik) ئەنجام دراوە و تیایدا بە بەڵگە ئەوە ئاشکرا کراوە کە "بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق تۆمەتبارە بە هێرشەكردنە سەر هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستان و ئەمەشى بە تەنیایی ئەنجام نەدراوە بەڵکو هاوکارى لە گرووپەکانى دیکەى شێعە و نزیک لە ئێران وەرگرتووە".

 

هەندێک بەڵگە هەن کە نیشاندەرێکى بەهێزن لەوەى "عەسائیبى ئەهلى حەق" دەستى هەبووە لە هێرشەکەى سەر هەولێر و هاوکارى لە ڕێکخراوگەلى دیکە وەرگرتووە. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى دەبێت هەوڵى زیاتر بدەن تا ئەو میلیشیایانەى هەواڵى هێرشەکەیان لە ڕێگەى ئەنتەرنێتەوە بڵاو کردەوە پەوەندییەکەیان بە میلیشیاگەلى دیکەى وەک "کەتائیبى حیزبوڵا" و "عەسائیبی ئەهلى حەق" و "بزووتنەوەى نووجەبا" بدۆزینەوە، چونکە ئەمانە هەموویان یەک شتن و دەشبێت بەرپرسیاریەتییەکەى هەڵگرن.

بەڵگەگەلێکى زۆر لەسەر هێرشەکەى سەر هەولێر هەن، نیشانەگەلێکى بەهێز کە دەردەخەن جێبەجێکارى سەرەکى هێرشەکە "عەسائیبی ئەهلى حەق" بووە، بەڵام رێکخراوە بچووک و میلیشیا دروستکراوە بچووکەکان بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى دەستبوونیان لە هێرشەکە هەوڵیان دا ڕاستییەکان بەلاڕێدا بەرن و بڕیارەکان لاى ئەمریکا پەک بخەن، بەڵام شڕۆڤە و لێکدانەوەى سەرچاوە کراوە و واڵاکان بە تەنیایی ببنە هۆى "ئاشکرابوونى بەڵگەکان" (ستانداردى مەدەنى بەڵگە لە ئەمریکا) یا "هاوسەنگى گریمانەکان" (ستاندارى هاوسەنگی لە بەریتانیا)، بە مەش دەردەکەوێت عەسائیبی ئەهلى حەق دەستیان لە هێرشەکە هەیە.

"ڕووخسار یا تووخمە نمایشکار"ەکان یا هەمان میلیشیا و گرووپە دروستکراوە بچووکەکان بۆ بەلاڕێدابردنى زانیارییەکان و حەقیقەت، لەم کەیسەدا دیار و ناسراون، هەرچەندە پێوەبەستراوى میلیشیاکان و "عەسائیبی ئەهلى حەق" خۆى بەڵگەیەکى بەهادارە لەم کەیسە و "صابرین نیوز" و "صاحب الکهف" و "سرايا أولياء الدم" ئەو گرووپانەى کە بەفەرمى بانگەشەى هێرشەکەیان کرد. ئێستا لە خوارەوە دەست بە ناسینى ئەم تووخمە نمایشکارانە دەکەین:

 

یەکەم: صابرین

ئەمە کەناڵێکى ڕاگەیاندنى سەربازى نێو دونیاى مەجازییە کە لە فەیسبووک و تویتەر و یوتیوب و تلێگرام نزیکەى ٨٠ هەزار بەشداربوو و فۆڵۆوەرى هەیە. ئەم کەناڵە بەردەوام نزیکایەتى خۆى لە عەسائیبى ئەهلى حەق و ڕابەرەکانى بەتایبەت قەیس خەز عەلى نیشان داوە و هەر لە سەرەتاوە موتیعى خۆى بۆ ڕستە بەنێوبانگەکەى خەزعەلى لەسەر کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبوو مەهدى موهەندیس نیشان دا کە گوتى "ئێمە وەڵام بە وەڵام دەدەینەوە" و لەو کاتەوە تا ئێستا پەیڕەویشى لێ دەکات.

ئەم پەیوەندییە نێزیکە لە نۆڤەمبەرى ساڵى ٢٠٢٠ى زایینی زیاتر بوو کاتێک کە سابرین پشتى عەسائیبی گرت لە مشتومڕ و گێرمەوکێشەکانی بەغدا و هەر ئەمەش بووە هۆى ئەوەى حیزبوڵا لە کەناڵەکە دوور کەوێتەوە. مانگێک دواتر سابرین شەپۆلێکى پاڵپشتى بۆ ئازادکردنى ئەندامێکى عەسائیبی ئەهلى حەق دەست پێ کرد کە لە بەغدا دەستبەسەر کرابوو و درووشمى "ئێمە عەسائیبی ئەهلى حەقین"ـى بەرز کردەوە.

 

دووەم: اصحاب کهف

کێشە و جیاوازى لە نێوان میلیشیاکان و عەسائیبی ئەهلى حەق، لە پاش هێرشە مووشەکییەکەى سەر باڵیۆزخانەى بەغدا لە ڕێکەوتى ١٧ى نۆڤەمبەرى ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى ڕووى دا. کاتێک کەتائیبى حیزبوڵاى عێراقى و کەناڵ و میلیشیکانى نزیک لێى، عەسائیبیان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنى ئاگربەس و ڕێککەوتننامەکە، ئەسحابی کەهف پشتیوانى خۆى بۆ عەسائیبی ئەهلى حەق دەربڕی. لە سەردەمى سەرکۆمارى ترامپ ئەسحابی کەهف زیاتر خۆى لە عەسائیب نزیک کردەوە و تەنانەت هەوڵەکانى بۆ ئازادکردنى زیندانییەکانى عەسائیب خستە گەڕ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کەتائیبەکانى حیزبوڵا و میلیشیاکانى سەر بەو کەتائیبە، بێدەنگەیان هەڵبژارد. ڕەنگە ئەوە بە هەڵکەوت نەبێت کە یەکێک لە ناونانەکانى لە سەرەتاى دروستبوونى و جیابوونەوەى لە ڕەوتى سەدر، بە ناوى ئەسحابی کەهف بوو.

 

سێیەم: سرايا أولياء الدم

پێش هێرشە مووشەکییەکەى سەر هەولێر، ئەم هێزە تەنیا بۆ چوار تەقینەوەى چکۆڵە سوودى لێ وەرگیرا ئەویش بۆ کردنە ئامانجى کاروانى عێراقییەکان بوو. ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە بەیاننامەکانیان هەمیشە بەر لە بەیاننامەکانى سابرین بڵاو دەبنەوە، لە کاتێکدا کەناڵەکانى سەر بە عەسائیبی ئەهلى حەق چەندین جار باسى ئەم میلیشیایەیان کردووە، لە بەرامبەردا کەناڵەکانى سەر بە کەتائیبی حیزبوڵا هەرگیز باسیشیان لێوە نەکردووە. ئەم میلیشیایە بەرپرسیاریەتى تەقینەوەى دژ بە بارهەڵگرەکانى بەرنامەى خۆراکى جیهانى نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە ئەستۆ کە ڕێکەوتى ٢٦ى ئاگۆستى ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى ئەنجام دران کە لە هەمان نزیکى هێرشى یەکەمى سەر هەولێر بوو لە ٣٠ى سپتەمبەرى ٢٠٢٠ى زایینى. ئەم گرووپە سەنگەرێکى ئەهلى حەقە لە نزیکى بەرتلە لە دەشتى نەینەوا.

 

کەوابێت لەسەر بنەماى ئەم زانیاریانە بابەتەکە ڕوون دەبێتەوە بەتایبەت هێرشە مووشەکییەکەى سەر هەولێر کە بەرپرسیاریەتەکەى لە ئەستۆى عەسائیبی ئەهلى حەقە، چونکە:

  • هۆشدارى ئەسحابی کەهف: کاتژمێر ٩:٠٢ خوولەک بە کاتى خۆجێیی، واتە ١٣ خوولەک بەر لە هێرشەکە، میلیشیاکانى ئەسحابی کەهف بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕەخنەیان لە سەرکردەکانى باشوورى کوردستان گرت و هەڕەشەیان کرد کە "هێنانى بەدبەختى بۆ هەولێر ئاسانە". کەناڵى سابرینیش پاش خوولەکێک بەیاننامەکەى بڵاو کردەوە و ئەوجا کەناڵەکانى دیکەیش یەک لە دووى یەک بڵاویان کردەوە.
  • ڕاگەیاندنى سەرکەوتن لە لایەن سابرین: کاتژمێر ١٢:١١خوولەک بە کاتى خۆجێی، سابرین هەواڵەکەى بڵاو کردەوە کە سرايا أولياء الدم هێرشەکەى ئەنجام داوە و خوولەکێک دواتریش سابرین دووبارە یەکەمین کەناڵ بوو بەیاننامەیەکى ١١٣ وشەیی ئەم میلیشیایەى بەر لە هەموو کەناڵەکانى ترى میلیشیاکان بڵاو کردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، سابرین و کەناڵەکانى دیکەى عەسائیبی ئەهلى حەق بەردەوام و زاڵن بەسەر شەپۆلى ڕاگەیاندنى میلیشیاکان. ڕۆژى دواتر کاتژمێر ٥:٣٣ خوولەکى پاشنیوەڕۆ، سابرین یەکەمین کەناڵ بوو بەیاننامەى فەرمى لەمەڕ کارەساتەکەى هەولێر بڵاو کردەوە و گوتى سرايا أولياء الدم هێرشەکەى گرتووەتە ئەستۆى خۆی. دواتر بەیاننامەیەکى سەرایای بڵاو کردەوە کە ڕەخنەى لە ئەمریکا و تورکیە و سەرۆکەکانى هەرێمى کوردستان گرت و لە تلێگرامى ئەم میلیشیایەش بەیاننامەکە بڵاو کرایەوە. هیچ ڕێکخراو و میلیشیایەکى دیکە ئەم بانگەشانەى بڵاو نەکردەوە بۆیە ئەمەش دەریدەخات کە عەسائیبی ئەهلى حەق ئەنجامى داوە و ئەم میلیشیایە هەتى خۆى جیا کردووەتەوە لە میلیشیاکانى دیکەى سەر بە کۆمارى ئیسلامى.

 

بەشدارى عەسائیبی ئەهلى حەق سەرسووڕهێنەر نییە لەو هێرشە، چونکە لێکچوونێکى زۆرى لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هەیە. عەسائیبی ئەهلى حەق دوو جاران بە پێوەنانى کاتیۆشا و ڕاکێت بە باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، ئاگربەسى نێوان میلیشیا شێعییەکان و ئەمریکای پێشێل کرد. کەتائیبی حیزبوڵاى عێراق بە توندى هەردوو هێرشەکەى مەحکوم کرد کە بووە هۆى ناردنى پەیامى توند و دوژمنکارانە لەگەڵ عەسائیبی ئەهلى حەق. ئەسحابی کەهف ڕێکەوتى ٣١ى دیسەمبەر ئەم گرووپانەى بە "المنافقين المرتعدين" ناو برد.

واپێدەچێت عەسائیبی ئەهلى حەق تووڕەیە بە هەر شتێک کە دژى ئێران بکرێت، چونکە هاوکات بە هاتنى فەرماندەیی هێزەکانى سوپاى قودسى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى واتە ئیسماعیل قائانى بۆ عێراق، مووشەکێکى گرتە باڵیۆزخانەى ئەمریکا، کردەیەک کە بووە هۆى شەرمەزارى قائانى.

پاش هێرشەکەى سەر هەولێر و هێرشێکى بچووکتر بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە ٢٢ى فێبریوەرى، کەناڵەکانى عەسائیبی ئەهلى حەق دووبارە مشتومڕ و قسەیان لەگەڵ کەتائیبی حیزبوڵا و ئەوانى دیکە دەست پێ کردەوە و جارێکى تر ڕەخنەیان لە کەتائیبى حیزبوڵا گرت لەبەر جیاوازى ڕوانگەى بەرامبەر هاوپەیمانان و بە ئاشکرا هێرشیان کردە سەرى.

ئەمەش سەرەڕاى قسەکانى وتەبێژەکەى کەتائیبی حیزبوڵا لەسەر هێرشەکەى سەر عەرەبستانى سعودیە لە چەند مانگى ڕابردوو، تەواو نیشان دەدات ئەم میلیشیایەى سەر بە کۆمارى ئیسلامى کۆنتڕۆڵکراو نییە.  هەموو ئەم زانیارییانە نیشاندەرى ئەوەن بێ شک هێرشەکەى سەر هەولێر کردەیەکى هاوبەشى نێوان عەسائیبى ئەهلى حەق و میلیشیا بچووکترەکانى وەک سەیدولشوهەدا و تیپەکانى ئیمام عەلى و کۆمارى ئیسلامییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کارە تا ئاستێکى زۆر هاوکارێکى باشە لە ڕەواندنەوەى گومانەکان کە بەمەش دەبێت بەرپرسیاریەتییەکە هەڵگرن و دواجار قوربانیانییەکان قەرەبوو بکەنەوە.

 

بەڵگەکان بە ماناى وەڵامدانەوە و بەرپێگرتنە

کاتێک کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى نەتوانن بەرپرسیاریەتى هێرشەکان بە خێرایی و بە وردى بدەنە پاڵ لایەنێکەوە، چەندین ڕەهەندى نەرێنى دێنە پێشەوە: کەسانێک کە بەرپرسیاریەتى ئەم کردەوە تیرۆریستیانە هەڵنەگرن ئەوا ئەگەرى هەیە دووبارە و بێ ترس هێرشى دیکەش بکەنەوە. ئەمریکاش ئەودەمى لاواز دەردەکەوێت، چونکە گەورەترین زلهێزى سەربازى سەر گۆى زەوی دەبێتە خۆراکى بانگەشەکەرێکى بچووکى ئەنتەرنێتى کە کەناڵەکانى خۆیان لە نێو تلێگرام و تویتەر و فەیسبووک بەڕێوە دەبەن و ئەمەش دەبێتە جێگەى سەرەنجى دژبەرەکانى دیکەى ئەمریکا هەر لە چین و کۆریاى باکوورەوە بگرە تا ڕوسیە.

هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە بەرپرسانى ئەمریکا دەتوانن بە سوودوەرگرتن لە ڕاپۆرتە زانیارییەکانى سەرچاوەگەلى واڵا و هەواڵگریانە، بەڵگەیەکى زیاتر بە تێوەگلاوان و تیرۆریستان بەدەست بخەن. ئەگەرچى زانیارییە زۆر نهێنییەکان (بۆ نمونە بەدووکەوتن و دۆزینەوەى سیگناڵە نهێنییەکان) دەتوانن بەڵگەیەکى ڕوونتر لە کردەوە تیرۆریستییەکان و ئامانجى دوژمنان بخەنە ڕوو، بەڵام مافى گەیشتن بەم داتا و دراوانە زۆر سنووردارە بە بەرپرسان و سوودوەرگرتنیان قورسە، ئەویش لەبەر ئەو یاسایانەى لە ترسى ئاشکرابوونى سەرچاوە هەواڵگرییەکان دانراون.

لەگەڵ ئەوەشدا بە هاتنى ڤایرۆسى کۆڤید نۆزدە یا هەمان کۆڕۆنا، زۆرێک لە فەرمانبەرە ئیدارییەکانى دەوڵەتى ئەمریکا ناچار بوون لە ماڵەوە کار بکەن، بەمەش دەستگەیشتن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و نەگەیشتنى زانیارى "ئینقیلابییە سەرچاوە ئازادەکان" بە دەستى خەڵکى قورس بوو. ئاژانسە ئەمریکاییەکان نابێت بگەڕێنەوە بۆ خووە کۆنەکەى خۆیان کە بڕوایان وابوو زانیارییە زۆر نهێنییەکان دەتوانن بەڵگەى گرنگ لەمەڕ هێرشەکەى هەولێر بدەن بە دەستەوە.

لە ڕاستیدا بۆ بەرگرتن لە دروستبوونى ئەم میلیشیایانە و دروستبوونى "ژینگەی درۆیین" یا پاش حەقیقەت کە تێیدا نابنە بەرپرسى هێرشە تیرۆریستییەکان و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ، بەرپرسان لە واشنتۆن و ئەوروپا دەبێت ڕێگەى بەهێزتر بۆ کۆکردنەوەى زانیارییەکان و چاودێرى بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەبەرچاو بگرن بەتایبەت بە سوودوەرگرتن لە ئامرازى هۆش و ئاوەزى دەستکرد و شڕۆڤەى پیشەیی وپسپۆڕییانە.

لە هێرشە مووشەکییەکانى سەر هەولێر بەڵگەى بەهێز هەن کە نیشان دەدەن عەسائیبی ئەهلى حەق ئەنجامدەرى سەرەکییە، بەڵام ئەگەر میلیشیاکانى دیکەى وەک کەتائیبی سەیدولشوهەدا بەرپرسیاریەتى وەشاندنى مووشەکەکان بەئەستۆوە دەگرن، ئەم پرسە قووت دەبێتەوە کە چۆن ڕێگە دەدرێت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک سابرین و سەرایا دەم بەو شێوەیە قسە لەبارەى هێرشەکانەوە بکەن.

کۆکردنەوەى زانیارى و بەڵگە لە "شەڕى یاسا"ى هێرشبەرانە زۆر گرنگە. میلیشیاکانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى تێدەگەن کە بەرپرسیاریەتى یاسایی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەیان لە ئەستۆیە، بۆیە ئێستا کە مووشەک یا بۆمبێکیان بەخەتا دەڕوات، ڕاستەوخۆ هاوپەیمانان دەکەنە بەرپرسى کوژرانى خەڵکى سڤیل و هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە و دروستبوونى دوژمنایەتى و کێشە لە نێوان عێراقییەکان و هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، تواناى دیاریکردنى بەرپرسیاریەتى، یەکەم هەنگاوى قوربانییە عێراقییەکان و هاوپەیمانانە کە بە دواى قەرەبووکردنەوەى زەرەر و مەرگە نایاساییەکانن کە بە هۆى بۆمب و مووشەکى میلیشیاکانەوە ڕوو دەدات. سەرەنجدان بەوەى میلیشیاگەلێکى وەک عەسایبی ئەهلى حەق و سەیدولشوهەدا لە ڕووى یاساییەوە سەر بەو هێزانەن کە دەوڵەت پشتیوانییان لێ دەکات، بۆیە بەشێک لە بەرپرسیاریەتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆى دەوڵەتى عێراقی. لەم لۆجیکەوە دانیشتووانى هەرێمى کوردستان کە لە هێرشەکانى ١٥ى فێبریوەرى زەرەرمەند بوون، دەدتوانن داواى قەرەبوو لە دەوڵەتى عێراق بکەن، هەروەک چۆن دانیشتوانى بەغدادش دەتوانن هەمان ڕێگە بگرنە بەر کە دەکەونە بن کاریگەرى ئەو هێرشە مووشەکییانەى لە لایەن میلیشیاکانەوە ئەنجام دراون و دەدرێن.

لە هەمان کاتدا هاووڵاتییە ئەمریکییەکانیش کاریگەرن بەم هێرشانە و دەتوانن لە ژێر یاساى ئەمریکا و بەرامبەر پشتیوانکەرانى تیرۆریزمى دەرەکى، لە چوارچێوەى یاساىى دژە تیرۆریزم و جێبەجێکردنى سزاى ئیعدام (AEDPA 1996) و یاساى تیرۆریزم (JASTA 2016) و دادپەروەرى و باج، قەرەبوو بکرێنەوە.

ئەگەر عێراق بخەینە دەرەوەى ئەو وڵاتەى کە پشتیوانى تیرۆریزمن، ئەوا دەتوانین بڵەین بە پێى ڕیزبەندى و پلەبەندییان ئێران و میلیشیاکانى وەک عەسائیبی ئەهلى حەق و کەتائیبى حیزبوڵا دەچینە خانەى پشتیوانى تیرۆریزمەوە. هەندێک کەسى ئەمریکى ئەمریکى توانییان لە دادگا چەندین سکاڵا دژى کۆمارى ئیسلامى و هەندێک لە بەرپرسەکانى بەرنەوە کە لە نێویشیاندا چەندین حوکم دژى تاران دەرچوو و ناچار بە دانى پارەیەکى زۆر کران بەرامبەر ئەو کارە نایاساییانەى کە ئەنجامیان دا، نمونەش کەیسى (فریتز دژى کۆمارى ئیسلامى لە ساڵى ٢٠١٨ ـ the 2018 case Fritz v. Islamic Republic of Iran) بوو، بۆیە ئێستا لەبەرامبەر" عەسائیبی ئەهلى حەق"ـش هەمان کار دەتوانرێت ئەنجام بدرێت.

 

وێنەى ماڵپەڕەکە