Skip to main content

دەستبەسەرکراوەکانى بەفرانبار چییان بەسەر هات؟!

دەستبەسەرکراوەکانى بەفرانبار چییان بەسەر هات؟!
AvaToday caption
posted onFebruary 26, 2021
nocomment

چەند ڕۆژی ڕابردوو، چوار چالاکیی مەدەنیی خەڵکیی مەریوان بە ناوەکانى کاروان مینویی، دانا سەمەدی، زانیار موعتەمەدی و سیروان کەریم زاده، بە دانانی بارمتە ڕزگاریان بوو، ئەم چوار کەسە ڕۆژی ۲۰ی بەفرانبار و لە شاڵاوە کتوپڕەکەى ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستبەسەر کران کە هێزە ئەمنییەکانى ڕژێمى ئاخوندى زیاتر لە۱۰۰ چالاکى مەدەنى و ژینگەیی و خوێندکارییان  دەستبەسەر کرد و بە گشتى تا ئێستا ۲۹ کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد بوونە. 

 

هەر لەم ماوەبەشدا ۱۰ چالاکی دەستبەسەرکراو لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرانەوە بۆ زیندانەکانی  ناوەندى ورمێ و مەهاباد.  ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە دەستبەسەرکراوانە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، سەوڵاوا و مەریوان وێڕای نیگەرانیدەربڕین لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان، خوازیاری گوشاری ناوەند و ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و جیهانییەکان بوون بۆ ڕزگارکردنیان لە زیندان.

به وتەی بنەماڵەى دەستبەسەر کراوان، منداڵەکانیان لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سوپا لە شارەکانی ورمێ، سنە و مەریوان چاودێری دەکرێن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکردنیان لە دەستدا نییە. پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، لە لایەن دادگای شارەکانەوە پێیان وتراوە بۆ دووەمین مانگیش دەستبەسەرکردنی ئەم بەندکراوانە درێژ بووەتەوە.

لەم چەند هەفتەی ڕابردوو، عەزیمە ناسری، حوسێن گەردەشی، سۆران حوسێن‌زاده، سیروان نوری، ئیمان عەبدی، ئەفشین مام‌ئەحمەدی، فەرهاد موساپور، فەریدون موساپور، بەهمەن یوسف‌زاده و شەپۆل خزری لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گوازرانەوە.

بنەماڵەی ئەو چالاکانە کە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ، باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی ئەوان ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانە و دادگای ورمێ لەگەڵ ئازادی ئەو کەسانە لەبەرامبەر دانانی بارمتە نکۆڵی کردووە. بە پێ ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لە کوردستان لانیکەم ٥٣ چالاکی دەستبەسەرکراو ئێستا لە بەندیخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتى ورمێ، سنە و مەریوان دەستبەسەر و ئایندەیان ناڕوونە.