Skip to main content

مانۆڕی سەربازی ئەمریکا لە دەریای باشووری چین

مانۆڕی سەربازی ئەمریکا لە دەریای باشووری چین
AvaToday caption
posted onJuly 6, 2020
nocomment

لە کاتێکدا هێزی دەریای چین سەرقاڵی بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازی لە دەریای باشوری چینە، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی مانۆڕی سەربازی خۆیان لەو بەشەی زەریاى ئارام دەست پێ کرد.

 

ڕۆژی شەممە، ١٤ی پووشپەڕ بە ڕاگەیاندنی هەواڵی بەڕێوەچوونی دوو نمایشی سەربازی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری " یو ئێس ئێس نیمیتز" و " یو ئێس ئێس ڕۆناڵد ڕێگان"، ئەگەری درووستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان چین و ئەمریکا زیاتر بوو. بڕیار وایە چوار کەشتی شەڕکەری دیکەی ئەمریکایی لەو مانۆڕە سەربازییە بەشداری بکەن.

ئادمیرال جۆرج ویکۆف، فەرماندەی ئەو کەشتییە شەڕکەرانە بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژوورناڵ ـی گووت: ئامانجی ئەو نمایشە سەربازییە ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە لەمەڕ ئەوەی ئێمە بەرامبەر بە سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەیی دەروەستین.

بە گووتەی ویکۆف، نمایشە سەربازیەکەی ئەمریکا لە دەریای باسوری چین کاردانەوە نییە بە نمایشی سەربازی چین لە ئاوەکانی ئەو ناوچەیە. پێکەن حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاند لە یەکی ژوئیەڕا نمایشێکی سەربازی ٥ ڕۆژە لە نیزیک زنجیرە دوورگەکانی پاراسل بەڕێوە دەبات. ئەمریکا زوو کاردانەوەی نیشان دا و گووتی ئەو کارەی چین ئاڵۆزی بە دواوە دەبێت.

جگە لە چین، تایوان و ڤیتنام بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەو کۆمەڵە دوورگەیە هی ئەوانە  و هەر بۆیە ڤیتنام ڕەخنەی لەو کارەی چین گرت و هۆشداری دا بەوەی ئەو نمایشە دەبێ بە هۆی زیادبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە. ئەو ناوچە قەیراناویە کە لە نێوان چین، فیلیپین، مالیزیا و ڤیتنام هەڵکەتووە لە کۆنەوە سەرچاوەی کێشەیە.

چین هەموو دەریای باشوور بە موڵکی خۆی دەزانێت و وڵاتانی دیکەش بانگەشەی خاوەنبوون لە سەرچاوەکانی گاز و نەوتی ژێر دەریاکە دەکەن. ئەمریکا ئەو ئاوەڕێیە بە گەورە ڕێگەیەکی بازرگانی نێودەوڵەتی دادەنێ و پێداگری لەسەر مافی هاتووچۆی ئازادی کەشتی و ژێر دەریاییەکان دەکاتەوە.