Skip to main content

پرسى یەکگرتنەوەى دیموکراتەکان گەرم بووەتەوە

پرسى یەکگرتنەوەى دیموکراتەکان گەرم بووەتەوە
AvaToday caption
posted onMay 25, 2020
nocomment

تایبەت بە ئاڤاتودەى:

 

 سەرەڕاى دروستبوونى ناکۆکى لە نێو هەردوو باڵەکەى دیموکرات و درووستبوونى مەترسى چەندلەتبوون لە نێویاندا بەتایبەت لە نێو حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران کە چەند کەسێک دژى لێپرسراوى گشتى ئەو حیزبە ڕاست بوونەوە و ڕخنەیان لێ گرت، ئێستا پرسى یەکگرتنەوەى هەردوو باڵى دیموکرات واتە حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران و حیزبی دیموکراتى کوردستان گەرمتر بووەتەوە.

پێش ماوەیەک عەبدوڵا حەسەنزادە نووسەر و وەرگێڕ و سیاسەتمەدارى ڕۆژهەڵات کە چەند خوولێک سکرتێرى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران بووە، نامەیەکى بڵاو کردەوە و "پێویستیی چڕکردنەوی هەوڵەکانی هەردوو باڵەکەى بۆ یەکگرتنەوە بە هەنووکەیی زانیى و وەلاوەنانی کێشە و ناکۆکییەکانی ڕابردووى بە پێویست لەقەڵەم دابوو"، ئەم نامەیەش سەرەڕاى پێشوازییەکى گەورە چ لە نێوخۆ و دەرەوەى وڵات و لە نێو هەردوو حێزبدا، کەچى وتەبێژى حیزبی دیموکراتى کوردستان ڕەتى کردەوە کە ئەم نامەیە لە زمانى حیزبەکەیانەوە نووسراوبێت.

حەسەن زادە و هجرى

ئەم نەفەسە باشەى هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە بە هەڵێنانەوەى هەنگاوى کردەیی گەرمتر بووەوە و بەوەى کە عەبدوڵا حەسەنزادە و د. سمایل بازیار و د. ئاسۆ حەسەنزادە و قادر وریا سەردانی سکرتاریای حیزبی دیموکراتى کوردستانی ئێرانیان کرد و لەگەڵ مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی ئەو حیزبەوە دانیشتن و پرسى یەکگرتنەوەیان هێنایە گۆڕێ.

هەر ئەمەش واى کرد کە دوێنێ یەکشەممە  شاندێکی باڵای حیزبی دیمورکاتى کوردستان کە لە مستەفا هیجری، محەمەدنەزیف قادری و ڕۆستەم جیهانگیرى و فواد خاکی بەیگی پێک هاتبوون، سەردانی عەبدوڵا حەسەنزادە و چەندین کەسایەتی دیکەى نێو حیزبی دیموکراتى کوردستان بکەن.

لە پاش دانیشتنى حەسەنزادە و هیجرى، خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە پرسى یەکگرتنەوەی هەردوو باڵى دیموکرات بڵاوى کردەوە کە "هیچ جۆرە کۆسپ و ناکۆکییەک ناتوانێ ڕەوتی یەکگرتنەوەی ئەو دوو حیزبە پەک بخات"، ئەمەش هۆکارى دڵخۆشى ئەندامانى هەردوو حیزب و خەڵکى کوردستان بوو.