Skip to main content

ئێران: هەڕەشە دەکات و هیچی پێ ناکرێت

ئێران: هەڕەشە دەکات و هیچی پێ ناکرێت
هەڕەشەکانى تا ئێستا هیچیان جێبەجێ نەکراون
posted onNovember 12, 2018
nocomment

 

کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەى بەرەنگاری هەر هێزێک ڕێگرى لە کەشتییە نەوتییەکانى بکات ببێتەوە، بەڵام لەسەر زەویدا تاران تا ئێستا نەیتوانیوە وەڵامی هیچ "هێرشێک دژى هێزەکانى بداتەوە، چ لە ناوخۆى وڵاتەکەى یاخود لەدەرەوەى سنوورەکانى".

 

سەرەڕاى لێدوانەکانى مەحمود موسوی یاریدەدەرى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سوپاى ئێران بەوەى "هێزە چەکدارەکانی ئێران تواناى پێویستى هەیە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى"، بەڵام لە دواى سەپاندنی سزاکانى ئەمریکا بەسەر کەرتى وزەو نەوتى وڵاتەکەى نەیتوانیوە یەک کەشتى نەوت ڕەوانەى بازاڕەکانى جیهان بکات، بەڵکو لە ڕێگەى کەرتى تایبەتەوە ئەو پرۆسەیەى ئەنجام داوە.

تاران لە ڕێگەى میلیشیا چەکدارە نزیکەکانى خۆیەوە لە زۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێگەى بۆ خۆى دروست کردووە، بەتایبەت لەعێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە نێو خاکی سووریاش بە شێوەی بەردەوام لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى کراونەتە ئامانج، یەکجاریش نەیتوانیوە وەڵامى ئەو هێرشانە بداتەوە. موسوی ئەوەشى باس کردووە "هێزە چەکدارەکان ئامادەن پارێزگارى لە کەشتیە نەوتییەکانى ئێران بکات، لەهەر دەستێوەردانێکى ناڕەوا یاخود گواستنەوەى نێودەوڵەتى و جوڵەى بازرگانیى نێودەوڵەتى لە ڕێڕەوی ئاوی".

لە ماوەى ڕابردوو بەرپرسانى ڕژێمى کۆماری ئیسلامى باسیان لەوە دەکرد "ڕێگرى لە کەشتیەکانیان بکرێت، هیچ وڵاتێکى ناوچەکەش ناتوانن لەو ڕێڕەوە کەشتیە نەوتیەکانیان ڕەوانە بکەن"، ئەم لێدوانەش وەک ئەوە خوێندرایەوە کە تاران دەیەوێت گەرووی هورمز لەبەردەم جوڵەى بارزگانى دابخات، بەڵام پسپۆڕانى ئابوورى و شارەزاییانى سیاسی ئاشکرایان کردووە "ئەو وڵاتە ناتوانێت ئەو گەرووە دابخات، چونکە پێش زیان گەیاندن بەوڵاتانى ناوچەکە خۆى زیانى پێ دەکەوێت".

لەدواى 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان) ەوە، سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە قۆناغی دووەمى سزاکانى واشنتۆن بووە دژى کەرتەکانى نەوت و وزە و بانکى ناوەندی و دامەزراوە داراییەکانى تاران بوون. هەرچەند حەسەن ڕوحانی، سەرۆکی ئێران لەگرنگی ئەو سزایانەى کەمکردۆتەوە، بەڵام لەسەر ئاستى ناوخۆییدا ئابوورى وڵاتەکەى تووشى داڕمانێکى گەورە بووەتەوەو، بەهاى تمەنیش بەسەدا ٧٥ پاشەکشێی کردووەو، ئاستى کڕینى هاووڵاتیانیش بۆ نزمترین ڕێژەى خۆى دابەزیوە.

جگە لەوانەش بەرزبوونەوەى ڕێژەى بێکارى و هەژارانى ڕەوشى ژیانى خێزانەکانى ئێرانى ئاڵۆزتر کردووە.