بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کتێبخانە و پێشانگاکانی کتێب بەرەو چۆڵبوون دەچین

کتێبخانە و پێشانگاکانی کتێب بەرەو چۆڵبوون دەچین
مایەپووچى تمەن و خراپى دۆخى ئابوورى خەڵک هۆکارە بۆ چۆڵبوونى کتێبخانە و پێشانگاکانى کتێب
posted onNovember 4, 2018
noبۆچوون


لە ئێرانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی، خەڵک تەنیا بۆ دیتنی کتێب دەتوانن سەردانی پێشانگاکان بکەن و کڕینی کتێب بۆ خەڵک بووە بە ئارەزوو.

 

ئەو ڕۆژانە پێشانگای کتێب لە گەورە شاری ئیسفاهان و سنەى رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕیوەچوو. هەواڵنێری ئیمنا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "خەڵکێکی زۆر بەشداری پێشانگاکە بوون، بەڵام زۆر بە کەمی کتێب فرۆشراوە". سەرچاوەیەکیش تایبەت بە تۆڕى میدیایی ئافاتوەى گوت "لە پێشانگەى کتێبی سنە، لە چاو ساڵانى ڕابردوو کەمترین کتێب فرۆشراوە و ئەو ڕێژە گەورەیەى کە ڕاگەیاندنەکانى کۆمارى ئیسلامى باسى فرۆشى کتێبی لێ دەکەن، ڕاست نییە و ئەوەى فرۆشراویشە بەشێکى زۆرى لە باشوور بووە"، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی کتێب لە بەرزبوونەوەدایە و چاپی نوێی کتێبەکان تا ئەو ئاستە گران بوون کە هێندێکیان بە داشکانەوە لە نرخی چاپی پێشوویان گرانترن و ئەم گرانبوونەیش پەیوەستە بە مایەپووچبوونى تمەن و بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار لە ئێران. هەر ئەمەیش واى کردووە کە بەندێک کاغەز کە جاران بە ٩٧٠٠٠ تمەن دەفرۆشرا ئێستا بۆتە ٢٠٨ هەزار تمەن واتە نرخەکەی دوو بەرامبەر گران بووە و بە هۆی ناسەقامگیری نرخی دراو لە ئێراندا کتێبفرۆشییەکان نرخی کتێبەکان بە بێ بوونی هیچ یاسایەکی چاوەدێر دەگۆڕن و بەرهەمەکان تا ٣٠ لەسەد گرانتر بە خوازیارانی کتێب دەفرۆشنەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆکار خەڵکێکی زۆری کتێبخوێن ئارەزوو بە دڵ بمێننەوە لە ڕووی کڕینی کتێبی جێگای پەسەندی خۆیان.

 

گرانی کتێب، هەژاری فەرهەنگی بەدواوەیە

بە هۆی چوونە سەری نرخی کتێب و هاتنەخواری هێزی کڕینی خەڵک هەژاری فەرهەنگی و لاوازبوونی بزووتنەوە ئەدەبی و هونەرییەکان سەر هەڵ دەدات کە لە کۆتاییدا هۆکارێکە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ ناساغلەمی کۆمەڵایەتی و زێدەبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆلکردنی کەشی کتێبخانەکان و دروستکردنی سانسۆر لەسەر دونیای کتێب  بە بیانووی جۆراوجۆر ئیزنی بڵاوبوونەوەی زۆر کتێب نادات.

خاوەن پێشانگا و کتێبخانە و نووسەران بە هۆی گوشارەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی و ئەو سەرکوتی قەڵەم و سوژەی لە ئارادایە ناتوان  ئاواتی بەشێکی زۆری خوێنەرانیان لە ڕووی دابین کردنی کتێبی دڵخوازی خوێنەران وەدی بێنن.