بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چالاکی سیاسی کورد، حوسێن کەمانگەر دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە

چالاکی سیاسی کورد، حوسێن کەمانگەر دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە
حوسێن کەمانگەر، چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سنە دوای حەوت مانگ تێپەڕبوون لە دەستبەسەرکرانی و ڕوون نەبوونەوەی چارەنووسی و هەروەها گوشار خستنەسەری بۆ دانپێدانانی زۆرەملی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
posted onJuly 25, 2019
noبۆچوون

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵە و خزم و کەسی حوسێن کەمانگەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوون بوونی چارەنوسی کوڕەکەیان چەندین جار لە بەردەرکی ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کۆبوونەوە و خوازیاری زانینی دەنگوباسی کوڕەکەیان ببون.

ئیتلاعاتی شاری سنە سەرئەنجام دۆینێ بابی ئەو بەندکراوە سیاسەیەی بانگ کردووە و پێی راگەیاندووە کە کوڕەکەی لە ڕۆژی ٢٧ پووشپەڕەوە دەستی بە مانگرتن کردووە.

ئیتلاعاتی سنە بە بنەماڵەی حوسێن کەمانگەری ڕاگەیاندووە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کورەکەیان دەنێرن بۆ گرتووخانەی کامیاران و لەوێ دەتوانن لە ڕێگەی تەلەفۆن قسەی دەگەڵ بکەن. لە هەمان کاتدا داوایان لە بنەماڵەی ئەو گیراوە کوردە کردووە کوڕەکەیان ڕازی بکەن بەوەی مانگرتنەکەی بشکێنێت و ئەگەر ئەو کارە نەکات دەبێ چاوەڕوانی ئاسەواری تووندی کارەکەی بێت.

بەڵێنی بەرپرسانی ئیتلاعات بۆ ڕاگوێزتنی حوسێن کەمانگەر لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی ١٧ مانگی ڕێبەندانەوە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی نییە.

 گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەنیا بە حوسێن کەمانگەرەوە نەوەستاوە و لە ماوەی رابردوودا چەندین جار نەسرین نەقدی و ناهید کەمانگەر ژن و کچی ئەو چالاکە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە هۆی مانەوەی حوسێن کەمانگەر لە ئیتلاعات گووتویەتی: هۆی ڕاگرتنی ئەو بەندکراوە لە ئیتلاعات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیتلاعات دەیهەوێ دانپێدانانی زۆرەملی سەبارەت بە دەستێدابوونی کەمانگەر لە کووشتنی شۆفێری ئامبولانسی ئیدارەی هیلالی ئەحمەری کامیاران بکات کە ساڵی پێشوو  لە ڕووداوێکی  تەقەلێکردن کوژراوە.

حوسێن کەمانگەر ١٥ بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی بە کۆمەڵی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لکی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی دەستەبەر کراوە.

ئەگەرچی بەشی زۆری دەستبەسەرکراوەکانی ئەو ڕووداوە دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران بەڵام حوسێن کەمانگەر، خالید زەمانی و باسام مورادی هەروا لە گرتووخانە ماونەتەوە