ژمارەیێک لە کەسایەتییە بانگهێشتکراوەکانی کۆنگرەی ناودارانی کورد کە لەم ماوەیە و لە پارێزگاى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجام درا، نامەیێکیان بۆ سەرکۆماری ئێران نووسیوە و تێیدا داوایان کردووە ڕێگە بە خوێندنی زمانی کوردی لە قۆناغی بنەڕەتیدا بدرێت. ئەم نامەیەش دواى ئەو پێشنیارەى شاعیرى گەورە نەزەند بەگیخانی دێت کە بە ڤیدیۆیێک بڵاوى کردەوە.
بێهرووز چەمەن‌ئارا سەرۆکی توێژینگەی کوردستان‌ناسی لە زانکۆی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەقی نامەی چەند کەسایەتیی هەڵکەوتووی کوردی بڵاو کردەوە کە تێیدا داوا لە سەرکۆمار کراوە لە پێناو زیاتر یەکخستنی پێکهاتە ئێرانییەکان و لێکنزیککردنەوەی ئتنیکەکان بوار بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە بەشی پەروەردە و لە قۆناغی سەرەتا و بنەڕەتیدا بڕەخسێنێت.
چەمەن‌ئارا لە بارەی داواکارییەکەی ئەو چەند کەسایەتییە هەڵکەوتووەی کورد نووسیویەتی:
"جێگه‌ی ئاماژە‌یه که هاوکات زانکۆی کوردستان، پارێزگاری کوردستان و پارلمه‌نتاره‌کانی کوردستان هه‌ریه‌ک له لایێکه‌وه خه‌ریکی لۆبیگه‌ری بۆ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی قۆناغی ماسته‌ر بۆ به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردیی زانکۆی کوردستانن و هاوکات لێژنه‌یێک که بریتین له مامۆستایانی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی و هه‌ندێک له مامۆستایانی ده‌زگای په‌روه‌رده خه‌ریکی ئاماده‌سازیی وانه کوردییه‌کان بۆ قۆناغه‌کانی بنه‌ڕە‌تی و ناوه‌ندین و هیوادارین هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رجه‌م ئه‌و ئازیزانه به یارمه‌تی و پاڵپشتیی کۆمه‌ڵگای ژیر و هێمنی کوردستان به‌ر بگرێ و مافی خوێندن به زمانی کوردی له داهاتووی نێزیکدا بێته ده‌ست."
محەمەد عەلی سوڵتانی، شارامی نازری، کوردستان مووکریانی، ئەسعەد شیخ ئیسلامی، ئەنوەر قەرەداغی، کەلیموڵا تەوەحودی و عەلی ئەکبەر مورادی، محەمەد عەلی قەرەداغی و کەیهان کەلهور و مەزهەر خالقی ئەو کەسایەتییانەن کە دەقی نامەکەیان واژوو کردووە.
شایانی باسە له کۆتاییی کونگره‌ی ناودارانی کورد، به پێشنیاری شاعیر نه‌زه‌ند به‌گیخانی که خۆشی یه‌کێک له بانگهێشتکراوانى کونگره‌ی ناوداران بوو و له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکاری یاسایی نه‌یتوانی له کونگره‌که‌دا ئاماده بێ، ئەو بەیاننامەیە ئاراسته‌ی سه‌رکۆماری ئێران کرا که تێیدا داوای پاراستنی مافی په‌روه‌رده به زمانی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کراوه.