بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەوروپا بیر لە دانانی گەمارۆی نوێ لەسەر تورکیە دەکاتەوە

ئەوروپا بیر لە دانانی گەمارۆی نوێ لەسەر تورکیە دەکاتەوە
AvaToday caption
posted onJuly 11, 2019
noبۆچوون

لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا لە لۆکزامبورگ، کە بەرپرسانی ٢٨ وڵات تێیدا ئامادە بوون، گەڵاڵەی کۆمەڵێک گەمارۆی نوێیدژ بە تورکیە خرایە  بواری لێکۆڵینەوە.

هۆکاری سەرەکی گەمارۆکانی ئەوروپا بۆ سەر تورکیە بە گووتەی یەکیەتی ئەروپا، بەزاندنی سنوری ئاوی وڵاتی قبرسە، کە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپایە. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە  سەبارەت بەو هەوڵانەی تورکیە بە زوویی داوا لە ئونجومەنی ئەوروپا دەکەن گەمارۆ بخاتە سەر تورکیە.

تورکیە بە دوو کەشتی تایبەت بە دیتنەوەی سەرچاوە نەوتییەکان، چالاکی دیتنەوە و هەڵکۆڵینی سەرچاوەکانی گاز و نەوتی  لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە دەست پێکردووە. قبرس بانگەشەی ئەوە دەکات، کەشتییەکانی تورکیە لە ئاوەکانی ئەو وڵاتەدا سەرقاڵی لێگەڕین و دیتنەوەی نەوت و گازن. ئەوە لە کاتێکدایە فاتح دونمز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە کۆماری قبرسی باکورە، ئەو ناوچە تورک نشینە و بە ئیزنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە.

تورکیە و یەکیەت ئەوروپا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە کاردانەوە بە گەڵاڵەی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک تەمای وەستاندنی برنامەی دیتنەوە و دەرهێنانی نەوتی لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانە نییە. تورکیە وەک گەورەترین وڵاتی خانەخوێی کۆچبەرانی جیهان هەمووکات کارتی پەنابەری دژ بە ئەوروپا بەکارهێناوە. بەرپرسانی وڵاتی تورکیە کە دەرگەی چوونە ژوور بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە چەندین جار ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری درێژەی گووشارەکانی یەکیەتی ئەوروپا، ڕێگەی چوون بۆ ئەوروپا دەکەنەوە.

دوو کەشتی فاتح و یاووزی تورکیە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە و بە گووتەی تورکیە، قبرسی باکور سەرقاڵی دیتنەوە و دەرهێنانی نەوتن. یەکیەتی ئەوروپا مانگی ڕابردوو هەر لەو پێوەندییەدا هۆشداری بە تورکیە دابوو و ڕایگەیاندبوو بە درێژە کێشانی ئەو دۆخە، گەمارۆ دەخەینە سەر تورکیە. دەوڵەتی قبرس ڕایگەیاندووە سکاڵا لە سەر هەموو ئەو کۆمپانیایانەی هاوکاری دەولەتی تورکیە بۆ دیتنەوە و دەرهێنانی گاز و نەوت دەکەن، تۆمار دەکات.