بە پێى ڕاپۆرتى ناوەندى دیموکراسى و مافى مرۆڤى کوردستان، ئێوارەى ٢٣ى گەلاوێژ، پۆلێک لە کۆڵبەران لە سەرسنوورى بێورانى سەردەشت کەوتنە بەر تەقەى هێزە چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانى "ڕێبوار خزرپوور" خەڵکى گوندى مێرشێخ حەیدەر و "مجەمەد حەمزەپوور" بریندار بوون و هەر هەمان ڕۆژ کۆڵبەرێ:ى مەهابادى بە ناوى "ئیسماعیل عەزیزى گیانى لەدەست دا.
ڕۆژى یەکشەممە، ٢١ى گەلاوێژیش کۆڵبەرێکی ٣١ ساڵە بە ناوى "سەبوور یارى" کە خەڵکى گوندى شمشێرى هەورامانى ڕۆژهەڵاتە بە هۆى مینێکى دانراوى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى بریندار و قاچێکى لەدەست دا.
ڕۆژى چوارشەممە ١٧ى گەلاوێ، لە سەر سنوورى شنۆ، "جاویدان هەکارى" کوڕى زوبێرى خەڵکى گوندى کەلەڕەشى سەڵماس لە لایەن چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە تەقەى لێ کرا و گیانى لەدەست دا.
١٦ى گەلاوێژ، هێزە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە سنوورى قەندیل، کۆڵبەرێکیان بە ناوى "حاسڵ بادبرین"ـى تەمەن ١٨ ساڵەى خەڵکى گوندى ترکەشى پیرانشار گیانى لەدەست دا. هەر لەو ڕۆژەدا کۆڵبەرێکى دیکە بە ناوى "خالیدى مامەئەمین" کە خەڵکى پیرانشار بوو، بە هۆى تەقەى هێزە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامى بریندار بوو.
١٥ى گەلاوێژ، کۆڵبەرێکى لاو بە ناوى "هاشم تەهوریان" کە تەمەنى ٢٣ ساڵە و کوڕى ئەسغەرى خەڵکى گوندى سۆلینگى سەڵماسە، بە هۆى تەقەى ڕاستەوخۆى هێزە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە سنوورى تەرگۆرى ورمێ گیانى لەدەست دا.
ئێوارەى ١٠ى گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوى "سلێمان بادوۆشیوە" کوڕی عیسا لە سەرسنوورى سەڵماس لە لایەن سنووربانەکانەوە تەقەى لێ کرا و گیانى لەدەست دا.
هەموو ئەم کۆڵبەرانە کەرەستە وماددەى قاچاخیان پێ نەبوو، تەنیا دەیانویست پارووە نانێت بۆ ماڵباتەکەیان بەدەست بهێنن، ئەویش بە هێنان و بردنى کەرەستەى ئاسایی و یاسایی.