سەرکردەیەکی هۆزە عەرەبیەکانى پارێزگای نەینەوا ئاشکراى دەکات "کۆماری ئیسلامی ئێران، مووشەکی بالیستى ڕادەستى ملشیاکانى حەشدی شەعبی کردووە، بۆ ئەوەى سەربازگەو سەربازەکانى ئەمەریکا بکەنە ئامانج".
مەزاحم حەویت، گوتەبێژى هۆزە عەرەبییەکانى ناوچە جێناکۆکەکانى عێراق لە لێدوانێکیدا بەتۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى رایگەیاندووە "زانیاریی ورد و پشتڕاومان پێگەیشتووە، بەوەى ئێران ئەو چەکانەى بە ملشیاکانى حەشدی شەعبی داوە"، روونیشی کردەوە "ئەو مووشەکانەش بالیستى و ستراتیژین". گووتیشى "ئێمە هۆشدارییمان داوەتە ڕۆڵەى هۆزە عەرەبییەکان لە بارەگاو شوێنى گرووپەکانى ملشیاکان دوور بکەنەوە، چونکە زانیارییمان هەیە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دەکرێنە ئامانج".
جەختى لەوە کردەوە "ئەمرۆ جەنگێک لەنێوان ئەمەریکاو ئێران دەبینین و، عێراقیش بەشێک دەبێت لەو جەنگە"، چونکە بەگووتەى خۆى "ئێران ئامانجی لە ڕادەستکردنى ئەو مووشەکانە بەملشیاکان بۆ لێدانى هێزە ئەمەریکیی و سەربازگەو فرۆکەکان و کاروانەکانیەتى، بۆ ئەوەى فشارە ئەمەریکییەکان لەسەر ئێران کەم بکەنەوە". حەویت دووپاتیشی دەکاتەوە "هاوکات ئامانجی تاران شکاندن و لاوازکردنى پێگەى ئەمەریکایە لە عێراق".
گووتەبێژەکەى هۆزە عەرەبیەکانى ناوچە جێناکۆکەکان هێماى بەوە کردووە "ئێمەو ئەمەریکییەکانیش زانیاریمان لایە بەوەى ئەو گرووپانە مووشەکی بالیستیان لە بارەگاکانیان جێگیر کردووە". لێدوانەکەى ئەو کەسایەتییە عەرەبییە، هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس کە خراوەتە لیستى تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ عێراق و ئەنجامدانى کۆبوونەوەى نەهێنى لەگەڵ فەرماندەکانى حەشدی شەعبی.
لەو بارەوە حەویت دەڵێت "قاسم سولەیمانى لەسەردانێکى کتوپڕ گەیشتووەتە عێراق و لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و ملشیاکان کۆ بووەتەوە و ئامانجی ئەو سەردانەشى دانانى پلانێکە لە نێو عێراق بۆ ئەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەلایەن ئەو ملشیایانە بکرێنە ئامانج". ئاشکراشی دەکات "ئەو هێرشانەش لە ڕێگەى مووشەکە دەستکردە ئێرانییەکانەوە دەبێت".
بەشێکى دیکەى پلانەکەى سولەیمانى، یەکخستنى هێزە ملشیاکانە دژى مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوکاتیش کردنە ئامانجیان، تاوەکو فشارەکانى سەر ئێران کەم بکرێتەوە، بەو پێیەى جەنگێکى نزیک دژى ئەو وڵاتە لە ئارادایە. لەبارەى مانەوەى سولەیمانى لە عێراق، گووتەبێژە عەرەبەکە دووپاتی دەکاتەوە "قاسم سولەیمانى ئێستا لە عێراقە و ماوە ماوە دەچێتەوە ئێران و دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە بەرپرسى کەیسەکانى ئێران ـ عێراق ـ سووریایە".
پێشبینى ئەوەشى کردووە "دواى ڕادەستکردنى مووشەکى بالیستى لەلایەن ئێرانەوە بە ملشیاکان، جەنگێک دژى ئێران لە ئارایە و عێراقیش سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى بەرپرسان لەوەى وڵاتەکەیان بەشێک بێت لەو جەنگەى نێوان واشنتۆن وتاران، لەو شەڕەوە دەگلێت".
حەویت زانیاریی زیاتر لەبارەى هێزەکانى ئەمەریکاشى خستە ڕوو، بەوەى "ژمارەى ئەو هێزانە لە سەرووى ١٠٠ هەزار سەرباز دەبن، هەمووشیان لەنێو سەربازگە عێراقییەکانەوە بە هەموو جبەخانەیەکەوە جێگیر کراون". دەڵێت "پێشبینى دەکەین، جەنگی دژى ئێران لە سێ قۆڵەوە بێت، زەمینى، دەریایی و، ئاسمانی، هێرشە زەمینییەکەش لەخاکى عێراقەوە دەبێت، ئەگەری ئەوەش هەیە وڵاتانى دیکەش دژى تاران بەشداریی بکەن"، بەڵام وەک خۆى باسى لێوە کردووە "عێراق بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینیەکەى هێزە ئەمەریکییەکان و لە وڵاتەکەمانەوە هێرش دەکرێتە نێو قوڵایی خاکی ئێران".