بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕۆژهەڵات قوربانیى بازرگانیى نەوتى باشوور و سوپاى پاسداران

ڕۆژهەڵات قوربانى بازرگانى نەوتى باشوورى کوردستان و سوپاى پاسداران
ڕۆژهەڵاتییەکان قوربانى بازرگانى نێوان باشوورى کوردستان و سوپاى پاسداران
پارێزگای سنە ڕێگای لێکگرێدانەوەی باکوری رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای ئێرانە و ڕێگەی تێککردنەوە و پەیوەندی نێوان ناوەڕاستی ئێران و هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقە.
posted onJuly 11, 2018
noبۆچوون

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هەڵاوردنی سیستماتیکى دەسەڵاتی ناوەندی، کەمترین ڕێگای شەمەندەفەر و ئاسمانی هەیە و تەنانەت ڕێگا و بانە ئاساییەکانیشی بە ڕیگاوبانی مەرگ نێویان دەرکردووە. تەواوی کابینەکانی دەسەڵات لە ئێران چ لە سەردەمی بنەماخوازەکان و چ لە سەردەمی ڕێفۆڕمخوازەکاندا هۆکاری ئەو هەموو کارەساتەی هاتوچۆ بوونە کە لە کوردستان ڕوو دەدەن بەوەى پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ کوردستان ئەنجام نەداوە.

بە پێی ئامارى ساڵی ڕابردوو، ١٩ نەوتکێش لە کۆى ١٨٧ نەوتکێش کە هەڵگری نەوتی باشوری کوردستان بۆ سوپای پاسدارانن، لە ڕێگاوبانەکانی کوردستان و شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا وەرگەڕاون.  هاتووچۆی ئەو نەوتکێشانە کە هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی رۆژهەڵات نییە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەموو کارەساتی هاتوچۆیەیە کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات.

ماوەیەک بەر لە ئێستا جێگری کاروباری ئاوەدانکردنەوەی شارى سنە ڕایگەیاند "لە سێ مانگی رابردوودا، ٨١ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە شاری سنە کوژراون کە لە چاو ساڵی پێشوو ١٦ لەسەد زیادی کردووە"، ئەوە کارەساتی دۆێنێ شەوی سنەش هاتە سەر ئەو ئامارە و رۆژهەڵاتی جارێکی دیکە ماتەمبار بووەوە.

هەڵاواردن و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ سەر کوردستان وای کردووە ئەستەمترین چیاکانی کوردستان بە پارەى خودى خەڵک ڕێگەى قیر و خۆشیان بۆ بکێشرێت تا بە بیانووى پێشمەرگە بە سانایی هاتوچؤی ئەو شوینانە بکەن، کەچى لە بەرامبەردا ڕۆژهەڵاتى کوردستانى خستووەتە نێو چوارچێوەى هەڵاواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانى ناوچە کوردنشینەکان لە خراپترین ئاستى خۆیاندان.
دروستکردنی دەیان بنکەی چەکداری لە ئاواییەکانی کوردستان بە پارەى خەڵکی ئەو ناوچانە کە بۆ نانی شەو ٣٠٠ کیلۆ بار لە پشتیان دەدەن، درخەری ئەو ڕاستیەن کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ژیانی ئەو خەڵکەیان بۆ گرنگ نییە و ئەوەی بۆیان گرنگە پارێزراوبوونی تەواویەتی ئەرزی و نەمانی ئاسەواری خەڵکی کوردە.