بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گەمارۆ ئابووریەکانى ئێران سووریاى تووشى قەیرانى سووتەمەنى کردووە

گەمارۆ ئابووریەکانى ئێران سووریاى تووشى قەیرانى سووتەمەنى کردووە
AvaToday caption
posted onApril 15, 2019
noبۆچوون

 

گەمارۆ ئابوورى و سووتەمەنییەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی، کاریگەری لەسەر تاقمێک لە هاوپەیمانانی ئێران داناوە. لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، شۆفێران بۆ کڕینی چەند لیتر بەنزین و گازوایل دەبێ ماوەیەکی زۆر ڕیز ببەستن ئەوجا ئەگەر بەریشیان بکەوێت.

 

بەپێ ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، "بەهۆى پەیوەندییە پتەوەکانى نێوان تاران ودیمەشق، سزاکانى واشنتۆن کاریگەریى ئابوورى لەسەر ڕەوشى سووریا دروست کردووە" و دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سووریا، شۆفێرانى ئەو وڵاتە بۆ وەرگرتنی بەنزین و گازوایل ناچار دەبن لە ڕیزی دوورودرێژی چەند کیلۆمەتری چاوەڕێ وەرگرتنى بەنزین و گازوایل بن. تاران رۆڵێکى بەرچاوی هەیە لە پاڵپشتى ئەسەد، لەو ململانێیەى لە بانەمەڕی ٢٠١١ رووبەرووى بووەوە، بەو هۆیەوەش کۆمارى ئیسلامی لە ڕێگەى پتەوکردنى پاوانخوازییە ئابوورییەکەى لەو وڵاتە عەرەبیە، چەندین گرێبەست و قەرزی بەملیارەها دۆلار بەخشییە حکومەتەکەى دیمەشق.

دەوڵەتی سووریا لە دوای کەمبوونەوەی بەنزین و نەوت لەم وڵاتە، یاسایەکی داناوە کە بەپێ ئەو یاسایە هەر ئۆتۆمبێلێک لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا مافی کڕینی ۲۰ لیتر بەنزینی زیاتری نییە، ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغی لەڕادەبەدەری بنکەکانی فرۆشتنى سووتەمەنى.

سووریا بۆ هەر ڕۆژەى، ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی پێویستە، بەڵام ڕادەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە ۲٤ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بە وتەی سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی سووریا "ئەم وڵاتە هەر مانگەى ۲ تا ۳ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت، بەڵام لە کاتی دەسپکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لە سەر کۆمارى ئیسلامى لە مانگی ئۆکتوبەر (پاییزی ساڵی ڕابردوو) تەنانەت یەک بارە نەوتیش نەهاتووەتە نێو وڵاتەکەومانەوە".

نەوتى ئێران

لەلایەن خۆیەوە مستەفا حەمۆرییە، سەرۆکى کۆمپانیاى حکومەت بەرپرس لەدابەشکردنى سووتەمەنى لە سووریا پێی وابوو "جەنگێکى گەورەى ئابووری دژى سووریا بە ڕێوە دەچێت"، بەگووتەى خۆشى "بەرپرسە لە ئەستەمبوونى دابینکردنى سووتەمەنى".

حەموریە هێما بەوە دەکات " حکومەت رێژەیەکى سنووردارى نەوتى عەمبار کراوى هەیە" و گووتیشى "دەسەڵاتداران سەرقاڵى واژووکردنى کۆمەڵێک ڕێککەوتنین بۆ دابینکردنى نەوت"، سەرەڕاى ئەوەى سووریا هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، دووەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت لەنێو ڕێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک)، دەرنەکەوتووە تا چەند بەغدا هاریکاری دیمەشق دەکات و، سزاکانى سەری بشکێنێت یاخود پابەندی سزا نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

ئەمریکا پارەکە لە ڕێککەوتنی ناوەکی نێوان ئێران و ڕۆژاوا ڕۆییشتە دەرەوە. واشنتۆن گوتى "ئەم ڕێککەوتنە هیچ جۆرە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەڵسوکەوتی ئێران لە جیهاندا نەبووە". دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە دوو قوناغدا لە گەلاوێژ و خەزەڵوەری ساڵی پێشوو، گەڕانەوەی گەمارۆکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند کە بەشێک لەو گەمارۆیانە دژی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بوو. حکوومەتی ئەمریکا دەیهەوێ ڕادەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە تەواوی بوەستێنێت و بیگەیێنێتە ئاستى سفر. لە گەڵاڕێزانى رابردووەوەش خەزێنەدارى ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر رژێمى ئێران سەپاند، کەچەندین کۆمپانیاى جیهانى تایبەت بەهەماهەنگی لەگەڵ تاران لەخۆ گرتبوون، بەتایبەت ئەوانەى ملیۆنەها نەوتیان هەناردەى سووریا دەکرد.

نەوتى سوریە

وەزیری دەرەوەى ئەمریکا یەکەمی جۆزەردانی پارەکە، ستراتیژییەکی نوێى بەرامبەر ئێران هێنایە ئارا و ۱۲ مەرجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دیارى کرد کە لەڕاستیدا داخوازییەکانی ئەمریکا لە ئێران یان وردەکاری گۆڕینی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامییە.

هەندێک لەم مەرجانە پاڵپشتینەکردن لە تێرۆریزم و وازهێنان لەو هەڵسوکەوتە ئاژاوەگێڕیەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیگێڕێت و ناوچەکەى تووشى پشێوی کردووە، بۆ وێنە پاڵپشتی لە حیزبۆڵای لوبنان و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە.