بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەگەرى هەڵوەشانەوەى سیستەمی سەرۆکایەتى ئێران هەیە

ئەگەرى هەڵوەشانەوەى سیستەمی سەرۆکایەتى ئێران هەیە
posted onFebruary 9, 2019
noبۆچوون

 

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەى کۆمارى ئیسلامی ئێران تێیکەوتووە، سەرۆکى ئەنجومەنى شورا لەسەر زارى ڕابەرى باڵاى وڵاتەکەى لەماوەى چوار مانگی داهاتوو کۆمەڵێک چاکسازی گشتى ڕادەگەیەنن.

 

عەلى لاریجانى، ئاماژەى بەوە کردووە " عەلى خامنەیی، ڕابەرى باڵا پێشنیارى ئەنجامدانى چاکسازیی پەیکەربەندی گشتى لەوڵات ئەنجام بدرێت"، بەبێ ئەوەى زانیاریی زیاتر لەبارەى سروشتى ئەو چاکسازییانە بخەنە ڕوو. لەدواى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، ڕژێمى ئێران ڕووبەرووى کۆمەڵێک قەیران و ئاستەنگی ئابوورى و سیاسی بووەتەوە، بەتایبەت لەرووى ئاڵۆزبوونى بەهاى نرخى دراوى ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

جگە لەوانەش خراپبوونى ڕەوشى ژیانى هاووڵاتیانى ئێران، هەڕەشەیەکى گەورەى بۆ دەسەڵاتدارانى ئەو ڕژێمە دروست کردووە، کە ئەگەرى ئەوەی هەیە خۆپێشاندانى جەماوەرى فراوان سەرتاسەرى وڵات بگرێتەوەو، ببێتە هۆیەک بۆ داڕمانى ئەو ڕژێمە کە لە دواى شۆڕشەکەى ١٩٧٩ ـەوە دروست بووە. لاریجانى لە دانیشتنێکى ئەنجومەنى پارێزگاى قوم، کە ناوەندی ئایینى شێعەکانى ئێرانە ڕایگەیاند "ئەو پێشنیارە لە چوارچێوەى پتەوکردنى یەکگرتوویی ناوخۆیی و یەکگرتنە، کە دوو پێداویستی گرنگن بۆ سیاسەتى ناوخۆ".

رهبر و تغیر

هاوکات هۆشداریشی داوە لەکۆنگرە چاوەڕوانییەکەى وارشۆ کە بڕیارە لە ١٣ و ١٤ ئەم مانگە لەپۆڵەندا بەرێوە بچێت، گووتیشى "ئەمەریکا دەیەوێت فشارە ئابوورییەکانى سەر ئێران پتەوتر بکات و، گۆشەگیرییەکى نێودەوڵەتیش دژى تاران دروست بکات". هەرچەندە ناوەرۆکى ئەو چاکسازییانەى خامنەیی ئاشکرا نەکراون، بەڵام چاودێران پێشبینى ئەوە دەکەن، بەشێکى پەیوەندیی بە سیستەمى سیاسی وڵاتەوە هەبێت، بەجۆرێک سیستەمی سەرۆکایەتى کۆماری هەڵبوەشێتەوەو، بگوازرێتەوە بۆ سیستەمى پەرلەمانى و، پۆستى سەرۆک کۆماریش نەمێنێت و چیتر هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیش ئەنجام نەدرێت.

هەروەها بەشێکى دیکەى چاکسازییە پێشنیارکراوەکان دەرچوونى ئێرانە لەو ڕێکەوتننامەیە، کە سەرکەوتنێکى گەورەى مێژوویی بووە بۆ حەسەن ڕوحانی، سەرکۆمار و، خۆبەدەستەوەدانیش بووە بۆ پارێزگارە تووندڕەوەکانى تاران. لەگەڵ تووندبوونى سزا ئابوورییەکانى سەر ئێران، کە بە دوو قۆناغ بە سەریدا سەپێنراوە، یەکەم جار لە ئاب (گەڵاڕێزان)ی ٢٠١٨ بوون، کۆمەڵێک کەرتى ئابوورى و پیشەسازی لەخۆ گرتبوون، قۆناغی دووهەمیش لەتشرینى دووهەمى هەمان ساڵ بوون، کەرتەکانى وزەو نەوت و بانکى ناوەندی لە خۆ گرت. ئەو دوو سزایەش خەڵکى ئەو وڵاتەى زیاتر دژى ڕژێمەکەیان توڕە کرد و، چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزاییان دژى دەسەڵاتدارێتى تاران ئەنجامدا، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنی و هێزەکانى بەسیج سەرکووت کران.

بۆ هەڵمژینى توڕەیی گەلى ئێران، خامنەیی دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵێک چاکسازی پینەیی ئەنجام بدات، بە تایبەت لەسزادانى کۆمەڵێک هاوڵاتی کە تومەتبارن بەئەنجامدانى گەندەڵى. چاودێران هێمایان بەوەش کردووە "ئەو جموجۆڵانەى تاران ئێستا ئەنجامی دەدات، هەمان هەنگاوەکانى پێش داڕمانى دەسەڵاتەکەى شاى ئێرانە لە ١٩٧٩، بەڵام بە شێوەیەکى جیاوازتر لە ڕووى بەراورد و سەردەمەکە.