بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە سەقز ساڵانە 350 قوتابی واز لەخوێندن دێنن، هۆکاری ئابوورییە

سەقز
posted onAugust 26, 2025
noبۆچوون

بەگوتەی بەرپرسانی پەروەردەیی، ڕێژەی وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە کەم دەرامەتەکان، ڕووی لە زیادبوونە. لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 350 خوێندکار واز لە خوێندن دەهێنن، کە ئەمەش نیشانەی قەیرانێکی قوڵە لە کەرتی پەروەردەدا.

محەمەد برومەند، شارەزای بواری پەروەردە، ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی نرخی کتێبەکانی خوێندن بە ڕێژەی زیاتر لە 100% یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. بەڵام، وەک ئەو دەڵێت، "کێشەکە تەنها گرانبوونی کتێبەکانی خوێندن نییە، بەڵکو بارودۆخی ئابووری کاریگەریی لەسەر دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی خوێندکاران داناوە و دۆخی بۆ خێزانەکان قورس کردووە."

خالید عەبدوڵڵاهی، مامۆستایەکی خانەنشین، گێڕانەوەیەکی دڵتەزێن لەبارەی "هەژاریی پەروەردەیی" و کاریگەریی بەرزبوونەوەی تێچوون و قەیرانی ئابووری لەسەر خوێندن باس دەکات. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق، عەبدوڵڵاهی گوتی: "گرانبوونی تێچووی کتێبەکانی خوێندن بێگومان بۆ خێزانە هەژارەکان گرنگە."

ئەو گوتیشی لە ڕۆژی تۆمارکردنی قوتابییەکان لە قوتابخانە، تووشی چەندین دایک و باوک بووە کە ڕایانگەیاندووە ناتوانن تێچووی تۆمارکردن، بیمە، و نرخی کتێبەکانی خوێندن دابین بکەن. "داوایان دەکرد بۆ ماوەیەک منداڵەکانیان تۆمار بکرێن و دواتر تێچووەکان بدەن." ئەم وتانە وێنەیەکی ڕوون لە دۆخی سەختی خێزانەکان نیشان دەدات کە ناچارن لە نێوان دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و مافی خوێندنی منداڵەکانیاندا یەکێکیان هەڵبژێرن.

کۆمەڵێک لە چاودێرانی پەروەردەیی داوا لە حکومەت دەکەن دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، لەوانە دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ خێزانە هەژارەکان و کۆنترۆڵکردنی نرخی کتێب و پێداویستییەکانی خوێندن.