
لە مەریوان ژنێکی دووگیانی ٢٨ ساڵ تەمەن لە نەخۆشخانەی بووعەلی گیانی لەدەستداوە، بەڵام خێزانەکەی دەڵێن، ئەو بەهۆی کەمتەرخەمیی و هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لە دەستداوە.
سارا ٩ ساڵ بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و ئەوە یەکەمجارە بووە کە دووگیان بووە. بەڵام دکتۆرەکەی سارا دەڵێت: سارا نەخۆشی دیکەی هەبووە و دەبوو کۆرپەلەکەی لەبار ببرێت، بەڵام دوای لە باربردنی کۆرپەلەکەی تووشی هەندێ لێکەوتە بوو کە پەیوەندییان بە منداڵبوونەکەیەوە نەبوو.
سارا ئاواتی ئەوە بوو ڕۆژێک کۆرپەکەی لە باوەش بگرێت، بەڵام چارەنووس چیرۆکێکی تری بۆ نووسیبووەوە . ئێستاش خێزانەکەی پەنجەی تۆمەت بۆ "کەمتەرخەمیی پزیشکی" درێژ دەکەن.
دایکی سارا تاو، دکتۆرەکەی سارا تۆمەتبار دەکات کە هەوڵەکانی بۆ لەباربردنی کۆرپەلەکەی سارا بووەتە هۆی مەرگی کچەکەی.
کەسوکاری سارا دەڵێن، کچەکەیان گیانی لەدەستداوە بەڵام لە نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان درۆیان لەگەڵیان کردووە و تەنیا ویستوویانە وا نیشان بدەن کە خەریکن گیانی ڕزگار دەکەن.
بەگوتەی کەسوکاری سارا، دکتۆر گوتوویەتی ئەو نەخۆشی دڵی هەیە و دەبێت کۆرپەلەکەی لەبار ببات.
سارا ٢٨ ساڵ تەمەن و ٩ ساڵ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. ڕۆژی شەممەی لە نەخۆشخانەی "بووعەلی" شاری مەریوان، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا. ئەو هاتبووە نەخۆشخانە بە هیوای چارەسەر، کەچی بوو بە دوا مەنزڵگەی ژیانی.
شاهۆ، هاوسەری سارا تاو دەڵێت: ناتوانین بڕوا بکەین کە بۆ لەباربردنی کۆرپەلەیەک هەموو گیانی سارایان هەڵدڕێبوو و دەتگوت لە پزیشکی داد پشکنینیان بۆ کردووە.
دکتۆر رۆژین تەهماسبی، دکتۆری سارا، لەم پەیوەندییەدا گوتوویەتی: "نەخۆشەکەمان بەپێی پشکنینی سۆنەر کێشەی دڵ و گرفتی قورسی کۆرپەلەیی هەبوو، بۆیە لە نەخۆشخانە بە دەرمان منداڵەکەی لەباربرا، بەڵام بەداخەوە، چەند کاتژمێرێک پاش لەباربردنەکە، تووشی هەندێ لێکەوتە بوو کە پەیوەندییان بە منداڵدان و کێشەکانی ژنانەوە نییە؛ بێگومان ئەمە پێویستە لە لیژنە زانستییەکاندا بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. لێکۆڵینەوەی وردی پسپۆڕانە ئەنجام دەدرێت و بابەتەکە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا شی دەکرێتەوە."
لەکاتێکدا پزیشکەکەی سارا تاو کەمتەرخەمی ڕەت دەکاتەوە، خێزانەکەی لە خەمی لەدەستدانی ئازیزەکەیاندان و گومانەکانیان لەبارەی کەمتەرخەمییەوە ناشارنەوە.
ئێستا، چارەنووسی سارا بووەتە پرسیارێکی هەڵواسراو لەنێوان بۆچوونی پزیشکی و سکاڵای خێزانەکەیدا. چاوەکان لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنە پسپۆڕەکانە تا ڕوون ببێتەوە؛ ئاخۆ مەرگی سارا، کۆتاییەکی حەتمی بوو بەهۆی نەخۆشییەوە، یان تراژیدیایەک بوو کە دەکرا ڕێگری لێبکرێت؟