
بەرپرسانی دادگای ورمێ، بە بانگهێشتکردنی خێزانی حەمید حسێننەژاد حەیدەرانلوو، پێیان ڕاگەیاندن کە سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە شێوەیەکی نهێنی لە تاران جێبەجێ کراوە.
ئێوارەی رۆژی ١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ خێزانی ئەم زیندانییە سیاسییە بانگهێشتی داواکاری گشتیی و شۆڕشی ورمێ کران. لەوێ، بەهزاد سەرخانلوو، جێگری داواکاری گشتی، پێی ڕاگەیاندوون کە حەمید حسێننەژاد حەیدەرانلوو لە زیندانی ورمێوە بۆ تاران گواستراوەتەوە و سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە.
هەروەها بە خێزانەکەی ڕاگەیەندراوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینییان بۆ ناوبراو نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، دوای ڕاگەیاندنی وەستاندنی کاتیی جێبەجێکردنی سزاکەی، باس لە گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ کرابوو، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەسەر گواستنەوەی بۆ تاران لەبەردەستدا نەبوو. ناوبراو خۆیشی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ٢٩ی خاکەلێوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا لەگەڵ خێزانەکەی، بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی ڕاگرتنی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ڕاگرتنی کاتیی سزاکەی، داوای بەدواداچوونی بەردەوامی دۆخی و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی سزاکەی کردبوو.
خێزان و کەسوکاری حەمید حسێننەژاد بە ئەنجامدانی گردبوونەوە لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێ، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان کرد. هەرچەندە سەرۆکی زیندانی ورمێ ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ، جێبەجێکردنی سزاکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە، بەڵام مانگرتن و کۆبوونەوەی خێزان و کەسوکاری لە بەردەم زیندان تا رۆژی دووشەممە بەردەوام بوو و نیگەرانییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی لەناکاوی سزاکە هەر لە ئارادا بوون.
دەستگیرکردن و ڕەوتی دۆسیەکە
حەمید حسێننەژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، خەڵکی گوندی "سەگریک"ی سەر بە چاڵدێران و باوکی سێ منداڵ، لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی ئەفغانستانی لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە دەستگیر کرا و سەرەتا بۆ گرتووخانەی پاسەوانی سنوور گواسترایەوە. سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری دانانی بارمتە بۆ ئازادکردنی لە هەمان ڕۆژدا، بەهۆی دژایەتیی وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری)، بڕیارەکە پەسەند نەکرا و ناوبراو بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندبوو کە ئەم زیندانییە سیاسییە ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر بووە و لەو ماوەیەدا، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە بەشداری لە پێکدادانێکی چەکداری نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بووە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمید حسێننەژاد لە ماوەی دەستبەسەریدا تەنها دوو جار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ خێزانەکەی ئەنجام بدات و لە مافی بینینی خێزان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە. ئەو نزیکەی ٨ مانگ لەژێر فشار و ئەشکەنجەی لێکۆڵەرانی ئەمنی و دادوەری لێکۆڵەری دۆسیەکەیدا بووە، کە کەسێک بووە بە ناوی "ئەستیری"، و دواجار ناچار کراوە دانپێدانان دژی خۆی واژۆ بکات لەسەر ئەو کاغەزانەی کە لێکۆڵەران پێشتر ئامادەیان کردبوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم زیندانییە سیاسییە بەهۆی نەخوێندەوارییەوە، توانای خوێندنەوەی ئەو نووسراوانەی نەبووە کە واژۆی لەسەر کردوون.
حەمید حسێننەژاد لە دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دژایەتیی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بێبەش کرا، هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردۆتەوە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراون. هەروەها بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو، ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی ڕوودانی پێکدادانەکەی نێوان هێزەکانی پەکەکە و پاسەوانی سنووردا، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە سەفەردا بوون بۆ تورکیا. لەگەڵ ئەمانەشدا، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم بەڵگانە و لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا، ناوبراوی بە تۆمەتی "بەغی" (یاخیبوون و تێکدانی ئاسایش) لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
دەگوترێت، وەزارەتی ئیتلاعات لە چوارچێوەی دۆسیە هەڵبەستن دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، ئیدیعای کردووە کە بەهۆی کوژرانی مستەفا نووری، برای هاوژینەکەی حەمید حسێننەژاد، لە ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە لە کاتی کاسبکاریدا لە ناوچەی چاڵدێران، ناوبراو رقی لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەڵگرتووە و هەر بەم هۆیەشەوە لە پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و پارتی کرێکارانی کوردستاندا، هاوکاریی پەکەکەی کردووە.
حەمید حسێننەژاد حەیدەرانلوو لەدایکبووی ١٣٦٤، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی "سەگریک"ی چاڵدێرانە. ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا سەرقاڵی کۆڵبەری و کاسبکاریی سنووری بووە.