بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کورد لە سووریا داوای سیستەمی فیدراڵی دەکەن؛ سەرۆکی کاتیی دژیەتی

رۆژئاڤا
posted onApril 10, 2025
noبۆچوون

 

بەرپرسێکی باڵای کورد لە رۆژئاوای کوردستان گوتوویەتی: بڕیارە کوردانی سووریا داوای سیستەمێکی فیدراڵی لە سووریای دوای ئەسەد بکەن کە رێگە بە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی و هێزی ئەمنیی تایبەت بدات، بەمەش جەخت لەسەر ئەو دیدگا لامەرکەزییە دەکەنەوە کە سەرۆکی کاتیی وڵات دژایەتی دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، داواکاریی حوکمڕانیی فیدراڵی پەرەی سەندووە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ترس و نیگەرانی لەنێو کەمینەکانی سووریادا بەهۆی کۆمەڵکوژیی مانگی رابردووی عەلەوییەکانەوە. لەلایەکی دیکەوە، گرووپە کوردییەکان سەرۆکی کاتی، ئەحمەد ئەلشەرع، و گرووپە ئیسلامییەکەی تۆمەتبار دەکەن بە دانانی رێڕەوێکی هەڵە بۆ سووریای نوێ و قۆرخکردنی دەسەڵات.

بەگوێرەی سەرچاوە کوردییەکان، پارتە رکابەرە کوردەکانی سووریا، بە پارتە باڵادەستەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی کوردیشەوە، مانگی رابردوو لەسەر دیدگایەکی سیاسیی هاوبەش ڕێککەوتوون کە فیدراڵیزم لەخۆدەگرێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئاشکرایان نەکردووە.

گرووپەکانی ژێر سەرکردایەتیی کورد لە ماوەی ١٤ ساڵی شەڕی ناوخۆدا کۆنترۆڵی نزیکەی چارەکێکی خاکی سووریایان کرد. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرکردایەتیی کورد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، مانگی رابردوو رێککەوتنێکیان لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرد سەبارەت بە تێکەڵکردنی دەستە بەڕێوەبەرایەتییەکان و هێزە ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.

لەکاتێکدا کە پابەندن بەو رێککەوتنەوە، بەرپرسانی کورد ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر بەو شێوازەی کە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانی سووریا قۆناغی گواستنەوەی دوای دەسەڵاتی بەشار ئەلئەسەد دادەڕێژن و دەڵێن سەرەڕای بەڵێنەکانیان رێز لە فرەچەشنیی سووریا ناگرن.

بەدران چیا کورد، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ژێر سەرکردایەتیی کورد، بە رۆیتەرزی راگەیاند هەموو لایەنە کوردییەکان رێککەوتوون لەسەر "دیدگایەکی سیاسیی هاوبەش" کە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستیی "سیستەمێکی پەرلەمانیی فیدراڵی، فرەیی (پلوراڵ)، دیموکراتی".

ئەوە یەکەمجارە یەکەم جارە بەرپرسێکی ئیدارەی ژێر سەرکردایەتیی کورد بە فەرمی ئامانجی فیدراڵیزم پشتڕاست دەکاتەوە، لەدوای ئەوەی پارتە کوردییەکان مانگی رابردوو لەسەری رێککەوتن.

ئیدارەی ژێر سەرکردایەتیی کورد ساڵانێکە خۆی لە بەکارهێنانی وشەی "فیدراڵیزم" بۆ وەسفکردنی ئامانجەکانی بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە داوای لامەرکەزییەتی کردووە. کوردانی سووریا جەخت دەکەنەوە کە ئامانجیان ئۆتۆنۆمییە لە چوارچێوەی سووریادا.

ئەلشەرع دژایەتیی خۆی بۆ سیستەمی فیدراڵی راگەیاندووە و لە مانگی کانوونی دووەمدا بە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی گوتووە  ئەم سیستەمە "قبوڵکراو نییە و لە بەرژەوەندیی باڵای سووریادا نییە".