ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، دەڵێت: لەبەر پشتگیری لە پەخشان عەزیزی، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکراوە.
ئەمجەد ئەمینی رۆژی هەینی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردەوە، رۆژی ٢٤ی بەفرانباری ئەمساڵ بانگ کراوەتە دادسەرای سەقز، رۆژی ٢٩ی مانگ چوومە دادسەرا و تۆمەتەکەم لە نامەی بانگکردن بۆ دادسەر "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بوو."
ئەو گوتوویەتی: ٤٨ کاتژمێر لەو رووداوە تێنەپەڕیبوو کە نامەیەکی بانگکردنی دیکە بە دەستم گەیشت و لەودا تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیم لێدراوە و بڕیاری گرتنیشم بە دادڕەسی راگەیەنراوە.
باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت: رۆژێک دواتریش دوو پەیامی دیکەم بۆ هات و لەواندا گوتراوە لە دادگاکانی تاوانەکان و ئینقلابدا دۆسیە لە دژم کراوەتەوە.
بەگوتەی ئەمجەد ئەمینی، هۆکاری ئەم دۆسیە نوێیانە کە لە دژی کراونەتەوە ئەوەیە ستۆرییەکی لە ئینستاگرام بۆ پشتگیری لە پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکڤانی خەڵکی مەهاباد، بڵاوکردووەتەوە.
خێزانی ژینا ئەمینی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گوشاری زۆریان لەسەر بووە و بەردەوام لەژێر چاودێریی دامەزراوە ئەمنییەکاندا بوون.
ژینا ئەمینی، ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی سەقز، رۆژی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ کە بەبیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی ئەو گەورەترین ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی لە ٤ دەیەی رابردوودا لێکەوتەوە و هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.