بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەپێی دوایین سەرژمێری لە بۆکان ١٩ چێرگ هەن

چێرگ
باڵندەی چێرگ لە ناوچەی بۆکان، رۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ سەرژمێریی نوێی بۆ چێرگ کردووە و بەپێی سەرژمێرییەکە ژمارەی چێرگ کەم بووەتەوە. ئەم باڵندەیە مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە و تەنیا لە ناوچەی بۆکان هەیە.
posted onJanuary 11, 2025
noبۆچوون

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت: سەرژمێرییان بۆ چێرگ کردووە و لە ناوچەی بۆکاندا 19 دانە لەم باڵندەیە دیتراوە و سەرژمێرییان کردووە.

چێرگ وەک قورسترین جۆری باڵندە دەناسرێت و لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ماون و ئەوانیش لە ناوچەی دەشتە سوتاوی بۆکاندا دەژین و بەرەو ناوچەی سەقزیش هاتوچۆ دەکەن.

ئەم باڵندەیە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.

عەلیڕەزا قوڕەیشی، جێگری بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری ژینگە، رۆژی شەممە گوتی: بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاراستنی ژینگەی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و تەورێز لێکۆڵینەوەیان لەو ناوچانەدا کردووە کە ئەگەری هەیە چێرگی تێدا بژیت، بەڵام تەنیا 19  چێرگ لە ناوچەی بۆکاندا دیتراون.

سەعید شەهەند، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رۆژی 28-10-2023 رایگەیاندبوو، بەپێی دوایین سەرژمێری، ژمارەی چێرگەکانی ئەم پارێزگایە بەراورد بە ساڵی  2022 30% زیادیان کردووە، ژمارەیان لەنێوان 24 تاوەکو 30 چێرگ دایە.

چێرگ کۆمەڵێک مەترسیی لەسەرە، لەوانە زبڵی بۆکان، سەگی بەرەڵڵا، کشتوکاڵ و مەڕوماڵات؛ بەڵام حەسەن ئەکبەری، جێگری رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، دروستکردنی خانوو لە ناوچەی ژیانی چێرگدا، بە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر ئەو باڵندەیە دەزانێت.

 کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی خەڵکی بۆکان رێکخراوێکی تایبەتیان بۆ پاراستنی چێرگ پێکهێناوە و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەدەن کە چێرگی لێ دەژی، یان زەوییان لە جووتیاران وەرگرتووە بۆئەوەی چێرگ تێیدا بژی.

چێرگ دوو یان سێ هێلکە دەکات، دوای ئەوەی هێلکەکانی هەڵدێنێت، جوجکەکانیان لەنێو گەنمەکاندا خۆیان دەشارنەوە، لەبەر ئەمە بۆ ئەوەی ژیانی چێرگەکان بەردەوام بێت، ئەندامانی "رێکخراوی چێرگڤانی" بۆکان جووتیارەکان رازی دەکەن بەشێک لە زەوییە بە گەنم چێندراوەکانیان بۆ  چێرگەکان جێبهێڵن.