ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، برایمی قادری هونەرمەندی نیشتمانپەروەر و خەڵکی، دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک برایم لە ئاوایی ''عیساکەند'' لە دایک بووە و ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویی هاتووەتە شاری مەهاباد و لەوێ نیشتەجێ بووە.
مامۆستا برایم قادری هونەرمەندێکی خۆشەویستی خەڵک بوو؛ دەنگخۆشی لە کاک کەریمی باوکیەوە بۆی مابوویەوە کە پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و بە هۆی ئازایەتی لە شەڕی قارەوا و سەرا لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد سەرۆککۆماری کوردستانەوە خەڵات کراوە.
مامۆستا قادری، سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست به هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت و تەنانەت چەند جارێکیش بریندار بووە. جێگای ئاماژەیه کوڕێکیشی بە ناوی مستەفا، له ڕێگای ئازادی نیشتمان، له ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، شەهید دەبێت.
مامۆستا برایم قادری کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەر بوو. هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە ئەوینداری نیشتمان و و دۆستی نزیکی ڕۆڵەکانی گەل، پێشمەرگە بوو.
زۆر گۆرانیی بۆ پێشمەرگە دەوت کە چەندین جار بەم هۆیەوە لەلایەن ڕێژیمەوە تووشی ئەزیەت و ئازار بووە.
ئاڤاتودەی بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و گەلی کورد دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.