بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەکگۆرگ و سلێمانی و سیناریۆى پێکهێنانى حکومەتى عێراق

مەکگۆرگ و سلێمانی و سیناریۆى پێکهێنانى حکومەتى عێراق
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وایکردووە کە برێک مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران بەپەلە خۆیان بگەیێەننە عێراق و هەرێمی کوردستان.
posted onMay 15, 2018
noبۆچوون

 

ئەنجامەکان بە شێوەیەک چاوەڕواننەکراون کە ئەرکی ئەو دوو یاریزانە بۆ دروستکردنی حکومەتی داهاتووی دڵخوازی خۆیان لە عێراق زۆرتر و دژوارتر بکات. هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر زۆرترین کورسیی پەرلەمانی عێراقی بردووە. بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا تودەی نزیکەی یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانی داهاتووی ئەو بەرەیە کۆمۆنیست و ئەندامی حزبی شیوعی عێراق بوونە. دژایەتیکردنی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانی ئێران لە عێراق و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بانگەشە بۆ دیموکراسی خاڵی هاوبەشی موقتەدا سەدری شیعەی تووندڕەو لەگەڵ بەرەی شیوعی عێراق بووە.

موقتەدا سەدر پێش هەڵبژاردنەکان بەبێ ئەوەی سەردانی تاران بکات، سەردانی ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیای کرد، و لایەنگرانی لە خۆپێشاندانەکانیشدا دروشمی دژی ئێران لە عێراق دەدەنەوە. لە دوا تویتیشیدا موقتەدا سەدر بۆ هاوپەیمانی داهاتوو و پێکهێنانی حکومەت باسی لە هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار ‌حەکیم، و پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ کردووە، تویتەکەی سەدر دەری دەخات کە سائیرون دوو هێزی عێراقی و هێزێکی کوردستانی پشتگوێ خستووە. بەرەی نەسری حەیدەر عبادی و بەرەی فەتحی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لیستی هاوپەیمانەکانی داهاتووی موقتەدا سەدر نین، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە سەرجەم نزیکەکانی ئێران لە عێراق و کوردستانی پشتگوێ خستووە، و ئەوەش لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە و بە ئاگاداری ئەمریکا بووە.

بەرەی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری دەنگی دووەمیان لە دوای سائیرون بە دەست هێناوە، هادی عامری فەرماندەی سوپای بەدرە، سوپای بەدر لە ساڵی ١٩٨٣ لە ژێر سەرپەرشتی هاشمی شاهرودی دامەزرا، ئامانجی سەرەکی سوپای بەدر دژایەتیکردنی سەدام حوسێن بوو، بەڵام هادی عامری لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی بەدر پاراستنی بەهاکانی ڕۆ‌حوڵا خومەینی بووە. هادی عامری شوناسنامەی ئێرانیشی هەیە، و هاوسەرەکەشی خەڵکی ئێرانە، شەخسی خۆی لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی سوپای پاسداران و سوپای قودس ـدا لە ئێران بەشداری دەکات، نزیکایەتییەکی مەزهەبی، سیاسی و بگرە عاتیفیشی لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس هەیە. بە پێی زانیارییەکان، هادی عامری دوای ئەوەی دەبێتە کەسی یەکەم لە حەشدی شەعبی لەسەر داوای قاسم سلێمانی دێتە نێو سیاسەت بۆ ئەوەی لە لایەک هەیمەنەی ئێران بەسەر سیاسەتی عێراقدا گرەنتی بکات، و هەم ڕێگرییەکیش بۆ حەیدەر عبادی کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات، و موقتەدا سەدر کە داوای دەرکردنی ئێران لە عێراق دەکات، دروست بکات.

ئێستا برێک مەکگۆرک و قاسم سلێمانی دەبێ لەو گۆرەپانە ئاڵۆزەدا یارگیری خۆیان بکەن، بەڵام لە کاتێکدا هێزی یەکەم لە ڕووی میدیاییەوە دژی هەردووکیانە چۆن دەتوانن کاریگەری لەسەر دابنێن.

 

سیناریۆی ئەمریکی

ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکان، گرەوی یەکەمی لەسەر بەرەی نوسرەی حەیدەر عبادی و کوردەکان کردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش عبادی وەک پاڵەوانی شکستدانی داعش نیشان دا، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی کرد، و لە پرسی ڕیفراندۆمیشدا لە بەرژەوەندی عبادی بێدەنگی لە داگیرکردنی کەرکوک کرد. لە هەمان کاتدا ئەمریکییەکان پێگەی خۆیان لە هەولێر هەر پاراست، و بەردی بناغەی گەورەترین کونسوڵگەری خۆیان لە هەولێر دانا، و لە دوای ڕووداوەکانی ١٦-ی ئۆکتۆبەریش ئەمریکاییەکان بە حەیدەر عبادیان ڕاگەیاند کە کیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان هێڵی سوورە، و دەبێ پارێزراو بێت. ئەمریکییەکان پێیان وابوو کە بەرەی حەیدەر عبادی و کوردەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەت) و کورسی سوننە مەزهەب و سیکۆلارەکان لەگەڵ کورسی کۆتاکان ١٦٥ کورسییەکە تەواو دەکات. بەڵام ئەو سیناریۆیە تا ئێستا شکستی خواردووە، و سائیرونی موقتەدا سەدر هێزی یەکەمە.

بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا تودەی بە پێچەوانەی لەمیدیا دەردەکەوێت، ئەمریکییەکان پێشتر ئامادەکاریان بۆ سیناریۆی دووەم کردووە، ئەوەش بە پشتیوانی سعودیا و سوننەکانی عێراقە. برێک مەکگۆرک وەک نوێنەری ئەمریکا هەڵگری ئەو پەیامەیە کە بۆ ئەمریکا موقتەدا سەدر کە دژی ئێرانە لەبەرامبەر بەرەی فەتحی هادی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی ئەولەویەتی هەیە، و ئامادەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەگەری ئەوە هەیە کە سعودیا نێوەنگیری موقتەدا سەدر و  پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەک و سوننەکانی عێراق لە لایەکی دیکە بکات، ئەمریکاش پشتیوانی لە هێزێکی سیکۆلاری وەک ئەیاد عەلاوی دەکات.

سیناریۆی سێیەمی ئەمریکاش ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بێت موقتەدا سەدر و حەیدەر عبادی لە یەک نزیک بکاتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرەی سائیرون کەسێکی گونجاوی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نییە، و عبادیش خۆی وەک دژبەری ئێران نیشان داوە. کەواتە بۆ ئەمریکییەکان موقتەدا سەدر کە هاوکات دژی ئێران و ئەمریکا بێت، لە هادی عامری کە تەنیا پیاوی ئێرانە باشترە، چونکە بە پێی زانیارییەکانی ئاڤاتودەی لە ئەنجامدا هێزەکانی ئەمریکا بۆ درێژخایەن لە هەرێمی کوردستان (هەولێر) جێگیر دەبن، نەک لە بەغدا. هەر بۆیە بڕینی دەستی ئێران لە بەغدا، ئەمریکا بە ئامانجەکەی خۆی دەگەیەنێت.

 

سیناریۆی ئێران

قاسم سلێمانی کە ئێستا لە بەغدایە سەرەتا دەبێ بەوە دڵخۆش بێت کە بەرەی سائیرونی موقتەدا سەدر نەتوانێ لە ماوەی دیاریکراوی سەرۆککۆماریدا هاوپەیمانییەکی ١٦٥ کورسی دروست بکات. ئەگەر سائیرون نەیتوانی بەرەی فەتحی هادی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی دەتوانن هەنگاوەکانیان بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەک دەست پێ بکەن، گرفتی ئەو بەرەیە کە بە بەرەی ئێران دەناسرێت ئەوەیە کە جگە لە خۆیان تەنیا دەتوانن لەسەر کورسییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەتا ڕادەیەک نەوەی نوێ دڵخۆش بکەن.

لە کاتێکدا ئاڤا تودەی زانیویەتی کە هەستانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕێگەی ژووری سوپای قودس و بە هاوکاری هێزە عێراقییە شیعەکانی نزیک لە تاران نەخشەی بۆ داڕێژراوە، بەڵام لەو ئەگەرەشدا عامری، مالیکی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ناتوانن ١٦٥ کورسی پێویستی خۆیان پەیدا بکەن. سیناریۆی دووەمی قاسم سلێمانی ئەوەیە کە ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم-یش تووشی دوودڵی و بیخاتە بەردەم دووڕیانییەوە، چونکە پێشتر عەمار حەکیم بەڵێنی ڕێکەوتن لەگەڵ موقتەدا سەدری داوە،و ئەوەش بە دوا تویتی موقتەدا سەدریشەوە دیارە. پێناچێت هیچ یەک لە سیناریۆ ئینتخابییەکانی قاسم سلێمانی لەعێراق سەربگرێت، چونکە دوای هاتنەدەری ئەمریکا لەرێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕاوێژکاری ئەنجومەنی نیشتمانی، سی ئای ئەی و پێنتاگۆنی ڕاسپاردووە کە هێزەکانی ئێران لە سەرجەم وڵاتانی ناوچە دەربکەن، و گۆڕەپانی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەن کە میلیشیای ئێرانی یان نزیک لە ئێرانی تێدابێت. ئەوەش بە ڕوونی بە هێزە عێراقییەکان ڕاگەیاندراوە،و مەکگۆرک جارێکیتر ئەوە بە هێزەکان دەڵێتەوە.

دوا سیناریۆی قاسم سلێمانی ئەوەیە کە ئەگەر لە دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو نەبوون، واز لە دیپلۆماسی و سیاسەت بهێنن، و سوپای قودس و سوپای بەدر ڕکێڤی ئەمنییەتی عێراق و بەدیاریکراوی بەغدا بگرنەبەر، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا تودەی ئامانجی سەرەکیش دروستکردنی گروپی بچووکی میلیشیای چەکدارە بۆ لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا، و هاوکات دروستکردنی گرووپێکی دیکەی تووندڕەوی سوننە مەزهەب و تەنانەت گەڕاندنەوەی داعشە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ مانەوەیان لە گۆڕەپانەکە بدۆزنەوە.

ئێستا ئەوەی ڕوونە، ئەمریکا قبووڵی هیچ هاوپەیمانییەکی نزیک لە ئێران بۆ پێکهێنانی حکومەت ناکات، بەرەی سائیرونی موقتەدا سەدر، بەرەی نەسری ‌حەیدەر عبادی و بەرەی وەتەنییەی عەلاوی و سوننە مەزهەبەکان و هەتا ڕادەیەک عەمار حەکیم ئامادەن لە دژی سەرەڕۆییەکانی ئێران یەکبگرن،و بۆ ئەوەش گلۆپی سەوزی ئەمریکا و سعودیایان هەیە.