بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئاشکراکردنی وردەکاریی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە: مووشەکی دووەم بەر هەستیارترین بەشی فڕۆکەکە کەوت

ئاشکراکردنی وردەکاریی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە: مووشەکی دووەم بەر هەستیارترین بەشی فڕۆکەکە کەوت
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2023
noبۆچوون

دایک و باوکی دوو کەس لەو کەسانەی کە لە فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا گیانیان لە دەست دا، ئەو ڕاپۆرتەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە خستوویەتییە ڕوو، بە "درۆ" دەخەنەوە و ئاشکرایان کرد کە ئەو ڕاپۆرتە "بە تەواوی جێی گوومانە".

زەهرا مەجد و موحسین ئەسەدی لاری، دایک و باوکی زەینەب و محەمەد حوسێن ئەسەدی لاری، دوو لەو سەرنشینانەی لە فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا گیانیان لەدەست دا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیعتماد کە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەممە بڵاو کرایەوە، پێداگرییان لەوە کردەوە: "درۆیان کردووە، بۆ یەکەمجار ئەمەتان پێ دەڵێین، بەداخەوە درۆیان کرد. مووشەکی دووەم ڕێک بەر فڕۆکەکە کەوت.  بە پێچەوانەی ئەوەی لە ڕاپۆرتی فەرمی کۆماری ئیسلامی هاتووە، لە هەستارترین بەشی فڕۆکەکە دراوە".

ئەم دایک و باوکە وەک هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینە سەراسەرییەکەی ئێران کە دوای شەهیدکردنی  ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان دەستی پێکرد، ناوی خودانور لەجعی کە لە زاهیدان شەهید کرا و کیان پیرفەلەک کە لە ئیزە شەهید کرا، گوتیان: "ئێمە لەگەڵ کیان سووتاین و لەگەڵ ئەوانی تریش هەروەها، شەهیدبوونی هەریەکەیان وەک شەوی ١٨ی بەفرانبار (ڕۆژی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە) بوو بۆ ئێمە."

موحسین ئەسەدی لاری ئاماژەی بەوەدا کە "شەرمەزاری" کوڕەکەی محەمەد حوسێنی بووە چونکە ئەو دەیگوت: "زۆر سووتام لەسەر پرسی گەڵاڕێزانی ٩٨" و "تانەی لە من دەدا، بەڵام من لەمبارەوە نەمدەزانی... بەڕاستی ستەمیان لێکرا”.

هەرچەندە دایک و باوکی زەینەب و محەمەد حوسێن ئەسەدی لاری، ئەندامی کۆمەڵەی خێزانەکانی گەشتی  PS 752 نین، بەڵام لەم گفتوگۆیەدا پێداگرییان لەوە کردووەتەوە کە هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە "بیهەوێت داوای یاسایی تۆمار بکات"، ئەوان خۆیان بە "خزمەتکاری دەزانن".

هەروەها ئەم دایک و باوکە جەرگسووتاوە پێداگرییان لەوە کردەوە کە بەهۆی "لێکۆڵینەوە و شارەزابوون لە کەیسەکە و دەیان بەڵگەنامەی دیکە، سینگیان پڕ بووە لە قسەی نەگووتراو" و هیچ کام لە ئەندامانی کۆمەڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە "زانیاری ئێمەیان نییە".

زەهرا مەجد و موحسین ئەسەدی لاری، باسیان لەوە کردووە کە، هیچ ئومێدێکیان بە دادپەروەری نییە و ئەو قسانەی کە دەسەڵات بڵاوی کردوونەتەوە، بە تەواوی هەڵەن و لێکۆڵەر و ئەو کەسانەی کە کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، هەموویان لە ژێر پرسیاردان.

قوربانیانى فڕۆکە ئۆکراینییەکە

بە گوتەی ئەوان، "تۆمەتبارکردنەکە تەنها کارمەندانی سەربازی دەگرێتەوە، لەکاتێکدا بەرپرس و کەسانی مەدەنی دیکەش هەن؛  هەر لە وەزیری ڕێگاوبان و بەرپرسی ناوەندی فڕۆکەوانییەوە بگرە تا دەگاتە زۆر کەسی وەک فەرماندەی پێشووی هێزی ئینتزامی کە هەموو ناوچەکەیان تێکدا و تەرمی منداڵەکانمانیان بردە ژێر شۆفڵ و وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیکە کە دەبوو ئاسمانیان دابخەن، بەڵام نەیانکرد".

گەشتی ژمارە PS752 فڕۆکەی مەدەنی ئۆکرانیا، لە لایەن سوپای تیرۆریستی کۆماری ئاخوندی بە دوو مووشەک لە ئاسمان تەقێنرایەوە ١٧٦ سەرنشینەکەی هەموویان گیانیان لەدەست داوە.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی یەکەمدا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە "کێشەی تەکنیکی" بووە، بەڵام دوای ئاشکرابوونی بەڵگەکانی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران لە لایەن وڵاتانی بیانی و لەوانەش ئەمریکاوە، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا دانیان بەوەدا ناوە کە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە بە مووشەکی سوپای پاسداران خراوەتە خوارەوە، بەڵام بە ڕووداوێکی "نا مەبەست"یان لەقەڵەم دا.