بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

 کورد و کارەساتی بووەلەرزە.. بوومەلەرزەی وێرانکەر لە سەڵماس و پێنجوێنەوە تا عەنتاب و عەفرین

 کورد و کارەساتی بووەلەرزە.. بوومەلەرزەی وێرانکەر لە سەڵماس و پێنجوێنەوە تا عەنتاب و عەفرین
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2023
noبۆچوون

کاوە شێخ عەبدوڵڵا 


▫️ هەروەک مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، مێژووی بوومەلەرزە لە کوردستان تاڕادەیەکی زۆر گومناوەو زۆر کەم ئەو کارەساتە سروشتییانە نووسراونەتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەوە ڕوویانداوە.

▫️ گەڕیدەو رۆژهەڵاتی فەرەنسی (هێنری بایەندەر) لەو گەشتەیدا کە ساڵی ١٨٦٥ ئەنجامیداوە و بە باکوورو بەشێکی باشووری کوردستاندا تێپەڕیوە، ئاماژەیەکی کورت دەدا بەوەی کە لە ناوچەی (وان) ئاسەواری وێرانەی بومەلەرزەی بینیوە.  بەڵام نەیزانیوە گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە چەندبووەو چەند کەسی کوشتووە.

مێژوویەکی نزیک و نووسراو

▫️ ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٠ شارۆچکەی (سەڵماس) لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە تەختی زەوی بوو. دەگوترێ لەو کارەساتەدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیانلەدەستدوە و هەزارانی تر برینداربوون.

▫️تا ساڵانێکی زۆرتر سەڵماس بە وێرانەیی مایەوەو دواتر دانیشتووانەکەی دەستیانکردەوە بە ئاوەدانکردنەوەی.

پێنجوێنی وێرانبوو

▫️ تائێستا تەنیا بوومەلەرزەیەک لەباشووری کوردستان کە زۆر کاریگەری هەبووەو چیرۆکی کارەساتەکەی نووسراوەتەوە یان گێڕدراوەتەوە، ئەو بوومەلەرزەیەبوو کە نیوەڕۆی رۆژی ١٩٤٦/٨/٨ شارۆچکەی پێنجوێنی لەراندەوە.

ــ گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە ٥ پلەبووە، بەهۆی ئەوەی خەڵک  لە دەشتودەر و ئیشوکاربوون، چەند کەسێک برینداربوون. بەڵام  چونکە خانووەکانی ئەو کاتە بە بەرد و قوڕ و دار دروستکراون، بەرگەی ئەو لەرینەوەیان نەگرتووەو زۆربەی زۆریان تەختبوون.

کارەساتی بوومەلەرزەکەی پێنجوێن بە رادەیەک دەنگی دایەوە کە لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تر، پیتاک و یارمەتی بۆ خەڵکە لێقەوماوەکە کۆکراوەتەوەو، شاعیر و نووسەران و هونەرمەندان بە شیعر و شانۆ و چیرۆک بەشداری هاوبەشی خەم و ژانی خەڵکی لێقەوماویان کردووە.
هەروەها حکومەتی بەریتانی کە ئەوکات عێراق لەژێر ئینتدابی ئەواندابوو، بە پێشکەشکردنی چەندین بەتانی و کەلوپەلی ناوماڵ، یارمەتی خەڵکی لێقەوماو و ئاوارەبووی پێنجوێنی داوە.

وان.. کۆسکەوتووی بوومەلەرزە

▫️ بەدرێژایی دووسەد ساڵی رابردوو پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، زۆرترین ریانی پێگەیشتووە بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەوە.

ــ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١١ شاری وان و ئەردیشی دراوسێی، بوومەلەرزەیەکی بەهێز رایتەکاندن. کاریگەری ئەم بوومەلەرزەیە بەجۆرێک بوو کە بەشێکی زۆری خانوو و باڵەخانەکانی ئەم دوو شارە داڕمان و سەدان کەس بوونە قوربانی.

ــ وان، بینگۆل، ئەرزنجان و خارپێت لە باکووری کوردستان، لەسەر ئەو هێڵە هەمیشەییەن کە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێزیان لێدەکرێ. ئەم ناوچانە چەند ساڵ جارێک بوومەلەرزە تێیاندا روو دەدات.

سەرپێڵی زەهاو.. سەرپێڵی زام

▫️ درەنگانێکی شەوی ٢٠١٧/۱۱/١۲بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە لە سەد ساڵی پێشوودا وێنەی نەبووە، شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی لەراندەوەو بەشی زۆری باڵەخانەو خانووەکانی ئەو ناوچەیە تەختی زەوی بوون.

ــ لە کارەساتی بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەریدا، سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی تر بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.

ــ کاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە وایکرد لە کەلار و دەربەندیخانی باشووری کوردستان ٥ کەس گیانلەدەست بدەن و چەند بینا و خانوویەکیش داڕمان. هەروەها گوڕی ئەو زەوی لەرینەوەیە تا پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێریش رۆیشت بێ ئەوەی زیان بەو شارانە بگەیەنێ.

خارپێت و مەڵاتیە

▫️ شەوی ٢٠٢٠/١/٢٤ خارپێت و مەڵاتییە لە باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لەراندنییەوەو تێیدا نزیکەی سێ سەد کەس مردن و هەزار کەسی تر برینداربوون.

دوایین بوومەلەرزە.. کارەساتێکی گەورە

▫️ دەمەوبەیانی ٢٠٢٣/٢/٦ هەردوو بەشی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە بوومەلەرەزیەکی وێرانکەر لەرینەوە کە هێشتا دوایین ژمارەی قوربانییەکان ڕوو نەبووەتەوە.

ــ بەڵام بەپێی هێزی زۆری لەرینەوەکە و کاتەکەی کە زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە شیرینی خەودابوون، پێشبینی دەکرێ ژمارەی قوربانیان هەزاران کەس تێپەڕێنێ. ئەمە سەرەڕای وێرانبوون و تەختبوونی هەزاران حانوو و باڵاخانەی نیشتەجێبوون.

▫️ئەمانە هەمووکارەساتەکانی بوومەلەرزە نین لەکوردستان، بەدڵنیاییەوە چەندین کارەساتی تری بوومەلەرزە ڕوویداوە، بەڵام چونکە کورد دامەزراوەی خۆی نەبووە، قوربانییەکان و ڕادەی ماڵوێرانییەکانی، وەکو دەیان کارەساتی تری ناو مێژووەکەی ون بوون و لەبیرچوونەتەوە.

▫️ساڵی ٢٠٢٠ ئەم زانیارییانەم لەناو ڕاپۆرتێکدا ئامادەکرد بۆ ماڵپەڕی پەیسەرپرێس و لێرەدا کورتکراوەتەوەو کارەساتەکەی دەمەوبەیانی ئەمڕۆم بۆ زیادکردووە.