بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەدر گورزێکى کوشندەى لە کازمی دا

سەدر گورزێکى کوشندەى لە کازمی دا
posted onMarch 12, 2022
noبۆچوون

لە نوێترین پێشهاتە سیاسییەکانى عێراق؛ رێبەرى ڕەوتى سەدر، کە فراکسیۆنەکەى گەورەترین هێزى پەرلەمانیە لەو وڵاتە دا، لەپاڵپشتیکردنى سەرۆکوەزیرانى ماوە بەسەرچوو پاشگەز دەبێتەوە و ئامۆزایەکى خۆى کاندید دەکات بۆ پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت وەک هەنگاوێک بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو ئالۆزییە سیاسییەى بەغدا چەندین مانگە تێدا چەقیوە.

لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەشدا هێزی چوارچێوەى هەماهەنگی کە زۆربەى هێزو لایەنە سیاسی ومیلیشیاییەکانى نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێران لەخۆ گرتووە، پێشوازیی لەو هەنگاوەى موقتەدا سەدر دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکى فەرمیی خودی ئەو رێبەرە ئایینیە یەکلایی نەبووەتە کە باڵیۆزی وڵاتەکەى لە شانەشینى یەکگرتوو پاڵاوتووە بۆ ئەو پۆستە جێبەجێکارییە.

ئەو هەنگاوەى سەدر، دواى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دێت کە لەچەند رۆژى ڕابردوو لەگەڵ هێزە سیاسییەکانى وڵاتەکەى ئەنجامیداوە، لەنێویاندا قسەى لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانى پێشووتر ئەنجامیداوە و بەشێکە لەپێشنیاریی یەکلاییکردنەوەى تاران کە خستبوویە بەردەم هێزە سیاسییەکانى ئەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیشیەوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو، لەپەیامێکی لەتۆڕی تویتەر رایگەیاند " حکومەتەکەى ئەرکی سەرشانی خۆی وەک پێی راسپێدرابوو ئەنجامداوە"، وەک هیمایەک بەوەى شانسى پێکهێنانى لەدەستداوە.

پەیامەکەى کازمی، هاوکاتە لەگەڵ دزە پێکردنى زانیارییەکان بەوەى هەردوو هێزى شیعەی ناکۆکن لەسەر کاندید کردنى "جەعفەر سەدر"، باڵیۆزی عێراق لەلەندەن و ئامۆزای خودی موقتەدا سەدر رێکەوتوون بۆ ئەوەى ئەو حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.

ئەمەش درێژەپێدەری ئەو ڕەتکردنەوەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگی لە سەرەتاوە دژی کازمی بوونە و رێگەیان نەداوە خوولى دووهەم بەدەست بهێنێتەوە، چونکە بەخزمەتکردنى ئەجێندای ویلایەتە یەکگرتووەکان تومەتبار دەکرێت.

لەچەند ڕۆژى ڕابردووش هێزى چوارچێوەى هەماهەنگی، باسیان لەوە کردووە " لەکۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی ناوی سەدر کراوە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران و ئەو کەسایەتیەش لەلایەن خودی رێبەرى ڕەوتى سەدر خراوەتە بەردەمیان".

ئەو یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو بەرەى شیعەى دژ بەیەک، بەهۆى هەوڵە بەردەوامەکانى رژێمى ئێران و کەسایەتیە نزیکەکانى بووە، کەچەندین گەشتیان بۆ نەجەف و بەغدا ئەنجامداوە، تا وەکو سنووری ئەو کێشانە تەسک بکرێتەوە و ماڵى شیعەش ڕێک بخرێتەوە.

زۆربەى کەسایەتیەکانیش پێشوازییان لەو یەکلاییکردنەوەى کێشەکان کردووە، لەنێویاندا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق، کە پێی وایە ئەوە دەروازەیەکە بۆ چارەسەرکردنى پەکخستنى دەستووری.

لەلایەن خۆیشیەوە قەیس خەزعەلى، ڕێبەرى میلیشیاکانى عەسائیبی ئەهل حەق نزیک لەسوپاى پاسداران لەتویتەردا پێشوازی لەچارسەر کردنى کێشەى نێوان مالیکی و سەدر کردووە و پێی وابووە ئەمە خێراترین رێگایە هاوشێوەى سەرۆکایەتى پەرلەمان سەرۆکایەتى حکومەت کۆتایی بێت.

لەبەشێکی دیکەى نووسینەکەشی جەخت لەوە دەکاتەوە کە " هێزە سیاسییە کوردییەکانیش هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ رێکەوتن لەسەر کەسایەتیەک بۆ سەرۆکایەتى کۆمار ئەنجام بدەن، تاوەکو کابینەى حکومەت بەخێرایی تەواو بکرێت".

جەعفەر سەدر، کوڕی مەحمەد باقر سەدر، دامەزرێنەرى حزبی دەعواى ئیسلامییە، کە لەساڵانی هەشتایەکانى سەدەى رابردوو لەلایەن سەددام حوسێن، سەرۆککۆمارى پێشووتری عێراق لەسێدارە دراوە و ئەو حیزبەش ئێستا لەلایەن مالیکەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.

ئەو کاندیدەش لەدایکبووی ساڵى ١٩٧٠ ـى شارى نەجەفە و لەساڵى ٢٠١٩ ـەوە بووەتە باڵیۆزی بەغدا لە شارى لەندەن.

زۆربەى سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، هەنگاوەکانى موقتەدا سەدر، هیچکات چاوەڕوانکراو نییە و ناتوانرێت بە تەواوەتى پشتى پێبەسترێت، چونکە لەشەو رۆژێکدا هەموو هەڵوێستەکانى رابردووی پووچەڵ دەکاتەوە، بەجۆرێک سەرلێشوانێک لەنێو هاوپەیمانەکانى دروست دەکات.

ئەم هەنگاوەی ئەمجارەشى گورزێکى کوشندە بووە لە کازمی، چونکە ناوبراو لەسەر راسپاردەى خودی سەدر، رێگەى پێنەدراوە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات، لەبەرامبەردا پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام لەنوێترین هەنگاویشى پشتى سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچووى بەئەرزدا.

 

@avatodaykurdi