بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تاڵاوى کانى بەرازان: ١٥ کاتژمێر ئاگر .. ٧٦٠ هێکتار سووتان

تاڵاوى کانى بەرازان: ١٥ کاتژمێر ئاگر .. ٧٦٠ هێکتار سووتان
AvaToday caption
posted onJuly 24, 2021
noبۆچوون

هەرچەندە ئاگرەکەى تاڵاوى کانى بەرازانى مەهاباد زیاتر لە ١٥ کاتژمێرى خایاندووە، بەڵام سەرۆکى ئیدارەى پاراستنى ژینگەى مەهاباد باسى لەوە کرد کە ئاگرکەوتنەوەکەى تاڵاوى گرووسى مەهاباد نزیکەى ١٣ کاتژمێرى خایاند و پێنج تیمى ئاگرکوژاندنەوە و خەڵکێکى زۆرى خۆبەخش هەوڵیان دەدا بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، بەڵام دواجار نزیکەى ٧٦٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکە سووتا.

 

ئاگرەکە هێندە زۆر و بەرفراوان و گەورە بوو کە لە میاندوابیشەوە تیمى ئاگرکوژێنەوە هێنرابوون و خەڵێکى زۆرى ژینگەپارێز و خۆبەخش و ناوچەیشش بەردەوام خەریکى کوژاندنەوەى بوون، بەڵام بە هۆى زۆرى قامیشەڵان و بەرزییان تینى ئاگرەکەى زیاتر و زیاتر کردبوو و ئەمەش واى کردبوو کە خەڵکى بەو بێ کەلوپەلی و پێداویستییەى کە بۆ ئاگرکوژێنەوە پێویستە نەتوانن خێرا کۆنتڕۆڵى ئاگرەکە بکەن، بۆیە داوا کرا کە باڵەفڕ لە تەورێزەوە بهێنرێت بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە، هەرچەندە زۆر درەنگ وەڵامى خەڵکەکەیان دایەوە و باڵەفرەکەش هێند لەبار نەبوو کە بتوانێت کاریگەرى لەسەر کوژاندنەوەى ئاگرەکە هەبێت بۆیە بەناچار خەریکى گواستنەوەى ئاگرکوژێنەوەکان بوو.

تاڵاو ٦

کاریگەرییەکانى وشکەساڵیش ڕووى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردووە کە ئەمەش پەیوەستە بە خراپ بەڕێوەبردنى کۆمارى ئیسلامى و گواستنەوەى ڕێڕەوى ئاوەکان و تێکدانى ژینگە و مانۆڕى سەربازى سوپاى تیرۆریستى پاسداران کە لە چەندین شوێنى ڕۆژهەڵات وەک هەورامان و پاوە و مەریوان بووەتە هۆى ئاگرتێبەردانى دارستانە خۆڕسک و سرووشتییەکانى ئەو ناوچەیە.

هەرچەندە پێشتر ژینگەپارێزان هۆشدارى وشکبوون و پیسبوونى تاڵاوەکەیان دابوو، هەتا دێت ساڵ لە دواى ساڵ تاڵاوى کانى بەرازان بەشێکى وشک دەبێت و ئەم وشکبوونەش بەردەوام مەترسى دروستبوونى ئاگر و پیسبوونى تاڵاوەکەى لێ دەکەوێتەوە. یاریدەدەرى ئیدارەى ژینگەى پارێزگاى ورمێ کە شارى مەهاباد سەر بەو پارێزگایەیە، لە کۆبوونەوەى کۆمیتەى خۆجێیی هەماهەنگى تاڵاوى کانى بەرازان گوتبووى "ڕەنگە لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵى ئایندە بەشێکى گەورەى تاڵاوەکە لەنێو بچێـ و وشک بێت و ئێستا لە چەندین شوێنى و ڕێڕەوى ئاوى تاڵاوەکە کە هەر یەکەى بە قەدرا هێکتارێک دەبێت وشک و ڕێگرە لە تێچوونەوەى ئاو بۆ نێو تاڵاوەکە و ئەمەش ئەگەرى زوو وشکبوونى تاڵاوەکەى لێ دەکەوێتەوە".

تاڵا,ى کانى بەرازان ٣

کۆمارى ئیسلامى کە هەرگیز بڕواى بە خزمەتکردنى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەبووە و هەمیشە وەک ناوچەیەکى میلیتاریزە و دژەئینقیلاب ڕەفتارى لەگەڵ کردووە، چەندین جار هۆشدارى دراوە بۆ پاراستنى ئاسەوار و ژینگەى ڕۆژهەڵات بەڵام هەرگیز چارەسەرى جددى بۆ کێشە و گرفتەکانى نەدۆزراوەتەوە. سەبارەت بە تاڵاوى کانى بەرازانیش چەندین جار باس لە پیسبوونى کراوە کە پێویستە پاک بکرێتەوە و ئاو و ئاوەڕۆکانى خاوێن بکرێنەوە، بەڵام بەرپرسە گەندەڵەکانى شارەوانى و ژینگەیی هەرگیز گوێیان بەم هۆشدارییانە نەدا و تاڵاوەکە ساڵ لە دواى ساڵ بەرەو بچووکبوونەوەو وشکبوون چوو کە ئەمساڵیش سووتانى هاتە سەر و بەشێکى زۆرى کردە قەقنەس.

ژیاندنەوەى گۆلى ورمێ لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە هێندە بێ پلان و ناشیانە ئەنجام دەدرێ کە هۆکارە بۆ ئەوەى شوێنى دیکە وێران و وشک بێت و بەمەش نە گۆلاوەکە دەبووژێتەوە و نە ئاوەدانى و ئاو لە شوێنەکانى دیکە دەمێنێتەوە و دوو جار زەرەر لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەدرێت. ستادى بووژانەوەى دەریاچەى ورمێ بە بەستنى سەردەم و ڕێڕەوە ئاوییەکانى ڕووبارەکان، ڕێگەیى ئاوییان لە تاڵاوى کانى بەرازان گرت و بەمەش ئەکۆسیستەمى تاڵاوەکەیان تێک دا و زۆرێک لە گژوگیا و گیانلەبەرەکانى دەروى تاڵاوەکە لەنێو چوون و ئەمەش کارەساتێکى گەورەى ژینگەیی خوڵقاند لە ناوچەکە و تاڵاوەکە.

تاڵاو ٤

ساڵى ڕابردوو سەرۆکى ئیدارەى پاراستنى ژینگەى مەهاباد ١٢ى جۆزەردان لە کۆبوونەوەى کۆمیتەى خۆجێیی هەماهەنگى تاڵاوى کانى بەرازانى مەهاباد هۆشدارى دابوو کە "هەر ساڵةى ٢ ملیۆن مترى چوارگۆشە ئاو بۆ باشبوونى دۆخى تاڵاوى کانى بەرزان پێویستە، کەچى ڕێگە نادرێت ئەو ئاوە بڕژێتە نێو تاڵاوەکەوە" و لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕێڕەوى ئاوى ڕووبارى مەهاباد تا تاڵاوەکە دەیان چاڵى نایاسایی لێ دراوە، کە ئەمەش بەشێکى گەورەى دەکەوێتە سەر گەندەڵییەکانى شووراى  شارەکان و شارەوانى کە بەجدى هەنگاو هەڵناهێننەوە بۆ بنبڕکردنى کارە نایاساییەکان کە خۆشیان شەریکى ئەم نایاساییبوونەن!

بڕیار بوو زیاتر لە ١٠ ملیار تمەن بۆ بووژانەوەى تاڵاوەکە و کردنى بە شوێنێکى گەشتیارى دابین بکرێت، بەڵام بە هۆى گەندەڵییە ئیدارییەکانى شارەکە و پارێزگاکە، تا ئێستا نەک ئەم بڕە پارەیە سەرف نەکراوە تا تاڵاوەکە ببێتە شوێنێکى جوانى گەشتیارى، بەڵکو ئەو بودجەیەى کە بۆ بووژانەوەشى پێویست بوو دابین نەکراوە، بۆیە دەبینین تاڵاوەکە بەرەو مردن دەچێت!

تاڵاوى نێونەتەوەیی کانى بەرازانى مەهاباد، پانتاییەکەى ٩١٠ هێکتارە و یەکێکە لە گرنگترین تاڵاوەکانى باشوورى گۆلاوى ورمێ و بە یەکێک لە بەهادارترین شوێنە ژینگەییەکانى جۆرەها باڵندەى ئاوى و کۆچەر و خۆجێی باکورى ڕۆژئاواى ئێران هەژمار دەکرێت و لە ساڵى ١٣٨٥ى هەتاوییەوە ڕاوکردنى تێدا یاساغ کراوە و هەر ئەمەش بووەتە پەنگایەکى ژینگەیی بۆ ئاژەڵان!