بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەکەکە بە هەڕەشەى کوشتن سەرانە لە کاسپکاران و بازرگانانى پێنجوێن وەردەگرێت

پەکەکە بە هەڕەشەى کوشتن سەرانە لە کاسپکاران و بازرگانانى پێنجوێن وەردەگرێت
AvaToday caption
posted onOctober 21, 2020
noبۆچوون

هێزى پاراستنى گەل، کە باڵى سەربازى پەکەکەیە و بە هەپەگە بەنێوبانگە، لە خاڵە سنوورییەکان بە زۆرى و بە هەڕەشەى کوشتن پارە لە کاسپکاران و بازرگانان وەردەگرێت.

 

بە پێى ئەو بەڵگەنامانەى کە دەست تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى کەوتوون، هێزى پاراستنى گەل لە ڕێگەى پسوولەیەکى دروستکراوى خۆیانەوە، پارەیەکى زۆر لە خەڵکى ناوچەکە و کاسپکارەکان وەردەگرێت. بازرگانێکى گەورە بە ئاڤاتودەى گوت  "هەپەگە هەڕەشەیان لێم کردووە کە دەبێت بۆ هەر مانگەى ٢٠٠٠٠٠ ملیۆن  دینار بدەم بەوان، ئەمەش لەپاى ئەو بارانەیە کە من بە لۆرى لە ئێرانەوە دەیانهێنمە باشوورى کوردستان، لە کاتێکدا من قازانجێکى هێندە گەورەشم نییە".

هەروەها لەو بەرگ و پسوولە گومرکییەى کە هەپەگە لە گوندی شابەدین ـى سیوەیل بۆ کاسپکارێکى کردووە و دەست ئاڤاتودەى کەوتووە، دەردەکەوێت لەپاى ڕێگەپێدان بە تێپەڕینى کەلوپەلى کاسپکارێکى ئاسایی و بچووک، پێویستە بڕیى ٥٠٠٠٠ تا  ١٢٥٠٠٠ دینار بدات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گومرکە فەرمی نییە و هیچ پەیوەندییەکى حکومەتى هەرێمى کوردستانییەوە نییە، بەڵکو تەنیا سەرانەیەکى بەزۆری پەکەکەیە لە خەڵکى باشوورى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى دەدزێت.

بازرگانە گەورەکە باسى لەوەش کرد کە "هەڕەشەى ئەوەیان لێ کردووم کە ئەگەر ئەو پارەیە نەدەم ئەوا لە نێو شارى پێنجوێنیشدا بێت ڕەمیم دەکەم و دەمکوژن".

کاسپکاران بۆ ئەم مەبەستەو  پێنەدانى پارە بە پەکەکە داوایان لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانى ناوچەکە کردووە کە "بەهانامانەوە وەرن و ڕێگرى لە پەکەکە بکەن کە ئەم پارە و داهاتە بۆ خۆیان کۆ نەکەنەوە"، بەڵام هێزە ئەمنییەکانیش ڕاستەوخۆ پێیان وتوون "ئێمە لەم ناوچەیە هیچ دەسەڵاتێکى پەکەکەمان نییە، بۆیە ناتوانین هیچتان بۆ بکەن".

شایەنى باسە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانى نزیک پێنجوێن تا دەگاتە خواکورک، دەسەڵاتێکى زۆرى هەیە و بەردەوام خەریکى گومرک و ڕاو و ڕووتن لە خەڵکى باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش پەکەکە "گرووپى گومرک"ى داناوە و کە لەسەرووى دە خاڵى گومرکییە لەو ناوچە سنوورییە.

ئەندامێکى پەکەکە کە ئێستا لە شارى سلێمانى دادەنیشێت و نەیویست ناوەکەى بڵاو بکرێتەوە، باسى لەوە گومرک و داهاتەکانى کرد و گوتى "من خۆم سەردەمێک بە فەرمانى سەرووى خۆم و پەکەکە لە خاڵە گومرکییەکان پارەم لە خەڵک وەرگرتووە و ئەم کارەى پەکەکەش بە پێى ویست و خواستى خۆیانە و بە دڵخواز پارەکە لە سەرەوە دەسەپێنرێت بەسەر کاسپکاراندا. دواتر لە ڕێگەى ئەنجوومەنێکەوە کە لە چوار تا پێنج کەس پێک هاتوون و بەسەر گومرکەکاندا دەگەڕێن، ڕۆژانە پارەکە کۆدەکەنەوە و ڕاستەوخۆ دەیگەڕێننەوە بۆ جەمیل بایک ـى هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاتى دیموکراتیک (کەجەکە)".